کەمال شەریفی، زیندانیی سیاسیی کورد لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڕەوانەی نەخۆشخانەی (پیامبر اعظم)ی بەندەرعەباس کراوە و دوای ئەنجامی ئانژیۆپلاسی و بەبێ تەواوکردنی پرۆسەی دەرمان گەڕێنراوەتەوە بۆ زیندانی میناب.

سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسییە لە وتووێژێکدا لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان سەبارەت بە دوایین دۆخی تەندروستیی ئەم زیندانییە سیاسییە، وتی: «ڕۆژی ١٧ی ڕەشەمە ئەم زیندانییە سیاسییە کە پێشتر تووشی جەڵدەی دڵ ببوو، بۆ ئەنجامدانی ئانژیۆپلاسی ڕەوانەی نەخۆشخانەی (پیامبر اعظم)ی بەندەرعەباس کراوە و دوای ئەنجامدانی ئەم کارە و لە حاڵێکدا کە دەبوو زیاتر لە نەخۆشخانە ڕابگیرایەت، دوای دوو ڕۆژ سەرلەنوێ گەڕێنراوەتەوە بۆ زیندانی میناب»

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، لەبەر ژمارەی زۆری زیندانیان و نەبوونی کەرەستەی پێویست لە نەخۆشخانەی زیندانی مینابدا، ڕاگرتنی ئەم زیندانییە سیاسییە کە پرۆسەی دەرمانی بۆ تەواو نەکراوە، تەندروستیی خستووەتە ژێر مەترسییەوە.

کەمال شەریفی، زیندانیی سیاسیی کورد کە سێزدەهەمین ساڵ لە حوکمی ٣٠ ساڵ بەندکران لە مەنفادا لە زیندانی مینابی پارێزگای هورموزگان تێدەپەڕێنێ، لە ڕێکەوتی ١١ی ڕەشەمەدا تووشی جەڵدەی دڵ بوو و دوای ٤ ڕۆژ ڕاگرتن لە نەخۆشخانەی ئەم شارە و بەبێ تەواوکردنی پرۆسەری دەرمان گەڕێنرایەوە بۆ ناو زیندان.

کەمال شەریفی، چالاکی سیاسیی خەڵکی سەقز و ئەندامی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران، لە ڕێکەوتی ٥ی جۆزەردانی ١٣٨٧دا لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا. هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا دەسڕێژیان کردبوو کە لە ئەنجامدا هاوڕێیەکی گیانی لەدەست دابوو. ئەم زیندانییە سیاسییە بۆ ماوەی ٦ مانگ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدا بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا» لێپرسینەوەی لێ کرا و بە درێژایی ئەم ماوەیە و بە مەبەستی ناچارکردنی بە دانپیانانی زۆرەملێ، خرابووە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕۆحیی قورسەوە. ئەم زیندانییە سیاسییە لە سەرماوەزی ١٣٨٧دا لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سەقزەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر شایەق، بە تۆمەتی «موحارەبە» لە ڕێگەی شەڕی چەکدارییەوە لەگەڵ حکوومەتی ئیسلامی و ئەندامبوون لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا، بەپێی مادەکانی ١٨٦ و ١٩٠ی یاسای سزادانی ئیسلامی، حوکمی ٣٠ ساڵ زیندان و دوورخستنەوە بۆ زیندانی مینابی بەسەردا سەپا.

بەپێی دادنامەکە کە نوسخەیەکی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم زیندانییە سیاسییە «بە درێژایی ماوەی زیندانەکەی بۆی نییە لەگەڵ زیندانییەکانی تردا هاتوچۆ و گفتوگۆ بکات و هەموو مافێکی دیدار و نامەگۆڕینەوە لەگەڵ هەموو کەسێکی لێ زەوت دەکرێت و دەبێ سەرجەم ماوەی حوکمەکەی هەر لە زینداندا بەسەر ببات».

کەمال شەیفی لە ساتەوەختی دەستبەسەربوونیەوە تا ئێستا، تەنیا یەک جار توانیویەتی بنەماڵەکەی ببینێت، ئەویش پاش دوورخستنەوەی بۆ زیندانی میناب و مانگرتن لە خواردن.