لقی ٣ی لێپرسینه‌وه‌ی دادسه‌رای گشتی و شۆڕشی سه‌قز دوای تێپه‌ڕبوونی چوار ڕۆژ بەسەر ده‌ستبه‌سه‌ربوونی هەردوو چالاکی ناسراوی کرێکاری مه‌حموود ساڵحی و عوسمان ئیسماعیلیدا، دۆسیه‌كانیانی رەوانەی دادگای شۆڕشی ئیسلامی کردووە.
سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له‌م دوو چالاكه كرێكارییه له‌م باره‌وه به تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستانی وت: «مه‌حموود ساڵحی و عوسمان ئیسماعیلی هه‌تا ئه‌مڕۆیش له دانانی بڕیاڕی بارمته‌ی ٤٠ میلیۆن تمه‌نی چاوپوشییان كردووه و لقی ٣ی لێپرسینه‌وه‌ی دادسه‌رای گشتی و شۆڕشی سه‌قزیش ڕۆژی ڕابردوو ڕایگه‌یاندووه كه دۆسیه‌کەیان به تۆمه‌تی بانگه‌شه‌ی دژی حكوومه‌ت نێردراوه بۆ دادگای شۆڕشی ئه‌م شاره».
به وته‌ی ئه‌م سه‌رچاوه‌یە، «ئه‌م دوو چالاكه كرێكارییه تۆمه‌ته‌كانیان كه ”بانگه‌شه‌ی دژی حكوومه‌ته له ڕێگای به‌ڕێوه‌بردنی ڕێوڕه‌سمی ڕۆژی جیهانیی كرێكار و داکۆکیکردن له مافی كرێكاران” وه‌ك تاوان قه‌بووڵ نه‌كردووه و به مه‌به‌ستی دەربڕینی ناڕه‌زایی لە ئاست ئه‌م دۆسیه‌سازییەدا ئامادە نەبوون بارمته دابنێن تاکوو بە شێوەی کاتی ئازاد بکرێن».
ئه‌م سه‌رچاوه‌یه له درێژه‌دا وتی: «بەردەوامبوونی ده‌ستبه‌سه‌رمانەوەی ئه‌م چالاكه كرێكارییانه له حاڵێكدایه كه مه‌حموود ساڵحی به هۆی نه‌خۆشیی گورچیله‌وه هه‌موو حه‌فته‌یه‌ك ئه‌بێ له نه‌خۆشخانه دیالیز بكرێ و عوسمان ئیسماعیلیش له‌گەڵ نه‌خۆشیی ئاسم و نه‌خۆشیی دڵدا دەستەویەخەیە. ڕۆژی ٢٨ی گوڵان (١٨ی مه‌ی)، مه‌حموود ساڵحی بۆ دیالیزکردن ڕه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی زیندان كراوه و دووباره گه‌ڕێنراوه‌ته‌وه بۆ زیندان».
له‌م ساڵانه‌ی دواییدا مه‌حموود ساڵحی و عوسمان ئیسماعیلی به هۆی چالاكیی كرێكاری و به‌ڕێوه‌بردنی ڕێوڕه‌سمی ڕۆژی جیهانیی كرێكارەوە چه‌ندین جار له لایه‌ن دامه‌زراوه ئه‌منییەکان و ده‌زگای دادوەرییه‌وه بانگهێشت و زیندانی كراون.