ڕۆژی ڕابردوو ٢٣ی جۆزەردان دوای ئەوەی ڕاگەیەنرا کە هەردوو زیندانیی سیاسیی کورد شاکر بێهرووز و کەیهان موکەڕەم مانیان لە خواردن گرتووە، بەرپرسانی زیندانی ورمێ ئەو دوو زیندانییەیان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرد.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بە دەستی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی ڕابردوو و دوابەدوای ئەوەی شاکر بێهرووز و کەیهان موکەڕەم ڕایانگەیاند مانیان لە خواردن گرتووە، بە دەستووری بەرپرسانی زیندان لە بەندی زیندانییانی سیاسییەوە ڕەوانەی قەرەنتینەی زیندان کراون. هەروەها مافی پێوەندیگرتن و دیداری بنەماڵەشیان لێ زەوت کراوە.
شاکر بێهرووز کە بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگەی «ئەندامبوونەوە لە حیزبی کۆمەڵەدا» حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە، ڕایگەیاندووە کە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست پشتگوێخستنی بەڵگە پێشکەشکراوەکان بە دادگا و دەرکردنی حوکمی نادادپەروەرانەی ئێعدام مانی لە خواردن گرتووە. کەیوان موکەڕەمیش کە بە حوکمێکی ٥ ساڵەی بەندکرانەوە بە تۆمەتی «چالاکیی دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی» لە ڕێگەی «هاوکاریکردنی گرووپە دژبەرەکانی حکوومەت»ـەوە لە زینداندایە، بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرامبەر پێڕەونەکردنی یاسای کەمکردنەوەی سزاکان لە دۆسیەکەیدا مانی لە خواردن گرتووە.
ڕۆژی ڕابردوو سەرچاوەیەکی ئااگادار لە بارودۆخی ئەم دوو زیندانییە سیاسییە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وتبوو: «شاکر بێهرووز دوو جار لە لایەن دادگای شۆڕش و دادگای کەیفەرییەوە بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە کۆمەڵە» و «کوشتنی ئەندامێکی سپای پاسداران»دا حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە. ناوبراو لە کاتی دادگاییکردندا شایەتنامەیەکی پێشکەش کردووە کە تێیدا لانیکەم ١٤ کەس شایەتییان داوە لە کاتی کوژرانی ئەندامەکەی سپادا شاکر بێهرووز لەو شوێنە نەبووە، بەڵام دادگا گوێی بەم بەڵگەیە نەداوە و ئامادە نەبووە شایەتحاڵەکان بانگهێشتی بەردەم دادگا بکات».
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، کەیوان موکەڕەم چەندین جار داوای کردووە یاسای کەمکردنەوەی سزاکان بۆ دۆسیەکەی ئەویش جێبەجێ بکرێت، بەڵام تا ئێستا بەرپرسانی زیندان و دادگا هیچ هەنگاوێکیان بۆ ئەم کارە هەڵنەگرتووە.
گەڵاڵەی کەمکردنەوەی سزای زیندان لە ساڵی ١٣٩٨ لە پەرلەمانی ئێران پەسەند کرا و وتەبێژی دەزگای داد لە پووشپەڕی ١٣٩٩ و لە کۆنرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا دوای ڕاگەیاندنی گەڵاڵەکە ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم یاسایە بێچەندوچوونە و دەبێ جێبەجێ بکرێت، هەروەها وتیشی: «ئەم یاسایە کە لە زۆربەی تۆمەتەکاندا سزاکان کەم دەکاتەوە، دەبێتە هۆی دابەزینی ڕێژەی زیندانییان و ڕاگەیەنراوە کە دەبێ زۆر بە خێرایی پیاچوونەوە بە دۆسیەی هەموو ئەو زیندانییانەدا بکرێ کە یاساکە دەیانگرێتەوە و پێویستە لە زیندان ئازاد بکرێن».
شاكر بێهروز، هاووڵاتیی خهڵكی ورمێیهوپاییزی ١٣٩٧ دوای وهرگرتنی ئهماننامهو گهڕانهوهلهههرێمی كوردستان، خۆی بهئیدارهی ئیتلاعات ناساندو دوای ١٤ ڕۆژ لێپرسینهوهلهدهستبهسهرگهی ئیدارهی ئیتلاعاتی ورمێ ئازاد كرا. سێ مانگ دوای ئازادبوونهكهی لهڕێكهوتی ٢٨ی بهفرانباری ههمان ساڵدا بۆ جارێکیتر لە لایەن هێزهكانی پاراستنی ئیتلاعاتی سپای ورمێوەبهتۆمهتی كوشتنی یهكێك لهئهندامانی سپای پاسداران لە ناوچەکەدا، دهستبهسهر کرایەوە و ماوهی ساڵێك و ١٨ ڕۆژ لهدهستبهسهرگهی ئهم دەزگا ئهمنییهدا لهپادگانی ئهلمههدیی سپا، لهژێر لێپرسینهوه و ئهشكهنجەی ڕۆحی و جهستهییدا بوو.
ئەم زیندانییە سیاسییە لە خەرمانانی ١٣٩٩دا لە لایەن دادگای شۆڕشی ورمێوە بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگەی «ئەندامبوونەوە لە حیزبی کۆمەڵەدا» حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا. هەروەها لە بەفرانباری هەمان ساڵ و لە دۆسیەیەکی دیکەدا بۆ تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست»ی ئەندامێکی سپای پاسداران لە لایەن لقی یەکەمی دادگای کەیفەریی ورمێوە حوکمێکی دیکەی لەسێدارەدانی بۆ بڕایەوە.
کەیهان موکەڕەم لە ١٧ی پووشپەڕی ١٣٩٨دا لەگەڵ سابیر کەمالی و کامران کەمانی لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە لە گوندی «ئەنبێ»ی سەر بە ورمێ دەستبەسەر کرا و دوای دوو مانگ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادگاییکردن ئازاد کرا.
ئەم هاووڵاتییە کوردە ماوەیەک لەمەوپێش لە لایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر عەلی شەیخلوو بە تۆمەتی «هاوکاریکردنی پارتی ژیانی ئازادای کوردستان (پەژاک)» حوکمی ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا. ئەم حوکمە دوای تانەلێدان، لە دادگای پیاچوونەوەدا وەک خۆی پەسەند کرایەوە.