هەردوو زیندانیی سیاسیی کورد سامان غەزاڵی و سالار غەزاڵی دوای ٩ مانگ زیندان لە زیندانی مەهاباد ئازاد کران.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە ٩ی پووشپەڕ ئەم دوو برا زیندانییە سیاسییە کە حوکمی ٢ ساڵ زیندانیان لە زیندانی مەهاباد تێدەپەڕاند، دوای ڕاگەیاندنی لێبوردنەکەی دەزگای دادوەری پاش ٩ مانگ لە زیندان ئازاد کران.

ئەم دوو چالاکە مەدەنییە لە بەفرانباری ١٣٩٩دا لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی مەهابادەوە بە تۆمەتی «چالاکیی دژی ئاسایشی نەتەوەیی» لە ڕێگەی ئەندامێتییەوە لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کوردیدا و «بانگەشەی دژی حکوومەت» هەرکامەو بە گشتی حوکمی ٣٩ مانگ زیندانیان بەسەردا سەپا. ئەم حوکمە دوای قبووڵکردن لە لایەن ئەم کەسانەوە بەپێی یاسا کەم کرایەوە بۆ ٢ ساڵ.

سالار و سامان غەزاڵی لە ڕێکەوتی ٢٦ی خەرمانانی ١٣٩٩دا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و دوای ٣ مانگ لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، گواسترانەوە بۆ زیندانی مەهاباد. سامان غەزاڵی لەو ماوەیەدا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ مانی لە خواردن گرت.

سامان غەزاڵی خوێندکاری دواقۆناغی ماستەری کۆمەڵناسیی زانکۆی برووجێرد و سالار غەزاڵییش دەرچووی ماستەری کیمیای زانکۆی ڕازیی کرماشانە.