به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی كه‌وتۆته‌ ده‌ست تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، سەرەڕای تێپەڕینی حەفتەیەک بەسەر دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی گوندی «شەوێ»ی بانەدا بە ناوی شەریف خەبات، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی بەردەست نەکەوتووە.

ناوبراو لە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەزبەردا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و گواسترایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

ئەم هاووڵاتییە پێشتریش لە ڕێکەوتی ٢ی خەرمانانی ١٣٩٩دا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و دوای ٢٠ ڕۆژ بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو. ناوبراو ساڵی ڕابردوو لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سەقزەوە بە تۆمەتی «چالاکیی دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی» لە ڕێگەی ئەندامێتییەوە لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا سزای ٨ مانگ زیندانی بەسەردا سەپا.