بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، مانگرتنی بەکۆمەڵی ٤٥ زیندانیی سیاسی و مەزهەبی لە بەندی زیندانییانی سیاسیی زیندانی ورمێدا بۆ حەوتەم ڕۆژی بەردەوام درێژەی هەیە و لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە دەستووری بەرپرسانی زیندان مافی دیداری حەفتانە لە زیندانییانی مانگرتوو زەوت کراوە.

مانگرتنی بەکۆمەڵی زیندانییانی سیاسی و مەزهەبیی زیندانی ورمێ لە ڕۆژی دووشەممە ٢١ی سەرماوەزەوە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرامبەر گواستنەوەیاندا بۆ بەندێکی سەرووئەمنیی تازە دەستی پێ کردووە. بەرپرسانی زیندان لە سێهەم ڕۆژی مانگرتنەکەدا چووبوونە بەندی زیندانییانی سیاسی و داوایان لێ کردبوون کۆتایی بە مانگرتنەکەیان بێنن، بەڵام هاوکات پێداگرییان لەسەر ئەوەیش کردبوو کە ئەم زیندانییانە بە زوویی بۆ بەندە تازە سەرووئەمنییەکە دەگوازرێنەوە. زیندانییەکانیش لەم دیدارەدا وتوویانە درێژە بە مانگرتنەکەیان دەدەن و دۆخی بەندە سەرووئەمنییە تازەکەیان بە نامرۆڤانە لە قەڵەم داوە.

بە گواستنەوەی زیندانییەکان بۆ ئەم بەندە، پێوەندیی زیندانییانی سیاسی و مەزهەبی بە بەندەکانی تری زیندانەوە دائەبڕدرێت، هەروەها ئەم بەندە نوێیە بە بەراورد لەگەڵ بەندەکانی تری زینداندا ڕووبەر، خزمەتگوزاری و ئیمکاناتی کەمتری هەیە. ئەم بەندە لە تەنیشت بەندی کرێکاری و لە شوێنی پێشووی حەمامی سەرەکیی زیندان و لە دوو نهۆمدا دروست کراوە و نهۆمێکی تەرخان کراوە بۆ زیندانییانی دادسەرای سەربازی و نهۆمی خوارەوەیشی بۆ زیندانییانی سیاسی و مەزهەبی دیاری کراوە.

ڕۆژێک پێش دەسپێکردنی ئەم مانگرتنە بەکۆمەڵە، سێ زیندانیی سیاسیی کوردی زیندانی ورمێ بە ناوەکانی کەیهان موکەڕەم، نایب حاجیزادە و عەلی محەممەدی موقەدەمیش بۆ ناڕەزایی دەربڕین لە بەرامبەر باردۆخی خۆیاندا مانیان لە خواردن گرتبوو.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی سەرماوەز، کەیهان موکەڕەم لەسەر بەڵێنی هاوکاریکردنی بەرپرسانی زیندان بۆ بەداواداچوونی داواکارییەکانی کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێناوە و لە ژووری تاکەکەسییەوە ڕەوانەی بەندی زیندانییانی سیاسی و مەزهەبی کراوەتەوە. ئەم زیندانییە سیاسییە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرامبەر جێبەجێنەکردنی گەڵاڵەیاسای کەمکردنەوەی سزای بەندکردن لەسەر دۆسیەکەی خۆی مانی لە خواردن گرتبوو. ناوبراو لە سێهەم ڕۆژی مانگرتنەکەیدا بە دەستووری بەرپرسانی زیندان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوو.

زیندانییە سیاسییە مانگرتووەکەی تریش، واتە نایب حاجیزادە، هێشتا لە بەندی کرێکاریی زینداندا درێژەی بە مانگرتنەکەی داوە، ناوبراو بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرامبەر بێبەشکردنی لە خزمەتگوزاریی پزیشکی مانی لە خواردن گرتووە. ئەم زیندانییە سیاسییە بە ڕاسپاردەی پزیشکەکانی نەخۆشخانەی زیندان لەبەر ئیلتیهابی قاچ و دڕینی ناوزگ دەبێ لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێریی پزیشکیدا بێت، بەڵام بەرپرسانی زیندان ئامادە نین ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندانی بکەن.

عەلی محەممەدی موقەدەمیش دوای دوو ڕۆژ و لەسەر بەڵێنی هاوکاریکردنی بەرپرسانی زیندان کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنابوو و لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان کراوە.