تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ئەمڕۆ شەممە ١٨ی بەفرانبار، زەهرا (زارا) محەممەدی، چالاکی ئەدەبی و فەرهەنگیی کورد، بۆ جێبەجێکردنی حوکمی ٥ ساڵ بەندکران خۆی ڕادەستی نووسینگەی ئیجرای ئەحکامی دادگای سنە کردووە و لەوێوە ڕەوانەی زیندانی ژنان لە کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی ئەو شارە کراوە.

هەروەها ژمارەیەک لە هاووڵاتییان و چالاکانی کورد هاوکات لە بەردەم دادگای سنە گرد بوونەوە و وێڕای دەربڕینی ناڕەزایی خۆیان لە بەرامبەر جێبەجێکردنی ئەم حوکمە نادادپەروەرانەیەدا، هاوپشتی و پشتیوانیی خۆیان لەم چالاکوانە ئەدەبی و فەرهەنگییە ڕاگەیاند. زارا محەممەدی لە نێو ئامادەبووانی بەردەم دادگادا قسەی کرد و بە ئاماژەکردن بە شێعری «قوڕ بەسەر ئەو دوژمنەی هیوای بە بەندیخانەیە!»، وتی: «بە درێژایی ئەو دوو ساڵ و نیوەی بەسەر دەستبەسەرکردن و پرۆسەی دادگاییکردنمدا تێ دەپەڕێ، چەندین جار وتوومە ئەو کەسەی لەبەر باوەڕ و چالاکییەکانی دەچێتە زیندان، بێگومان لەوێ لەسەر باوەڕ و کارەکانی پێداگرتر و باوەڕمەندتر دەبێت».

لەم ڕۆژانەی دواییدا و دوابەدوای ڕەتکردنەوەی داواکاریی دادگاییکردنەوەی دووبارە بۆ حوکمی ٥ ساڵ بەندکرانی زارا محەممەدی بەپێی مادەی ٤٧٧ی یاسای دادگاییکردنی کەیفەری لە لایەن سەرۆکی گشتیی دادگوستەریی پارێزگای کوردستانەوە، حوکمەکەی ئەم چالاکە ئەدەبی و فەرهەنگییە کوردە پەسەند کرابوو و نێردرابووە بەردەم نووسینگەی ئیجرای ئەحکام.

ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی بەفرانبار ئەنجومەنی نۆژین کە خاتوو زارا محەممەدی بەڕێوەبەریەتی، بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام، وێڕای ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە نووسیبووی: «دوای هەوڵێکی زۆر بۆ هەڵوەشاندنەوەی حوکمی نادادپەروەرانەی زارا محەممەدی لەڕێی دادگای پیاچوونەوە، دیوانی باڵا و پرۆسەی جێبەجێکردنی مادەی ٤٧٧ـەوە، بە داخەوە جارێکی تر ئەم حوکمە لە لایەن سەرۆکی گشتیی دادگوستەریی پارێزگای کوردستانەوە سەپێنرایەوە و بۆ جێبەجێکردن ڕەوانەی بەردەم نووسینگەی ئیجرای ئەحکامی سنە کراوە».

زارا محەممەدی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی نۆژینە و لە ساڵانی ڕابردوودا لە بواری فێرکاری و وتنەوەی زمانی کوردیدا چالاکیی نواندووە. ئه‌نجومه‌نی نۆژین له ‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ناوخۆی ئێرانه‌وه‌ مۆڵه‌تی فه‌رمیی کارکردنی پێ درابوو‌ و لە ‌ساڵانی ڕابردوودا له‌چه‌ندین شاری كوردستان خولی فێرکاریی زمانی كوردیی کردبۆوه‌، ئەم دامەزراوە مەدەنییە هەروەها لە بوارە فەرهەنگییەکانی تر و ڕێکخستنی کەمپەینی یارمەتیدانی لێقەوماوانی لافاو، یارمەتیدانی خەڵک لە قۆناغی پەتای کۆرۆنادا و… کاری کردووە.

خانمی محه‌ممه‌دی له‌ڕێكه‌وتی ٢ی جۆزه‌ردانی ١٣٩٨دا له ‌لایه‌ن هێزه ‌ئه‌منییه‌كانەوە لە سنه‌ ‌ده‌ستبه‌سه‌ر کرا و بۆ ماوەی ٦ مانگ لەسەر چالاکییەکانی لێپرسینەوەی لێ کرا و بۆ وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرایە ژێر زەخت و گوشارەوە. ناوبراو له‌ ڕێكه‌وتی ١١ی سه‌رماوه‌زی ١٣٩٨دا به ‌دانانی بارمته‌ی ٧٠٠ میلیۆن تمه‌نی ئازاد كرا.

زارا محەممەدی لە ڕێکەوتی ٢٧ی ڕێبەندانی ١٣٩٨دا لە لقی ٤ی دادگای پێداچوونه‌وه‌ی سنە بە تۆمەتی «پێکهێنانی تاقم و گرووپ بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی» دادگایی کرا و‌ حوکمی‌١٠ ساڵ به‌ندكرانی بەسەردا سەپا. ئەم حوکمە لە لقی ٤ی دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای کوردستاندا گۆڕدرا بۆ ٥ ساڵ بەندکران.

پارێزەرەکانی خانمی محەممەدی بۆ تانەدان لەم حوکمە داوای دادگاییکردنەوەی دووبارەیان لەڕێی مادەی ٤٧٧ی یاسای دادگاییکردنی کەیفەرییەوە پێشکەش کردبوو کە بەپێی هەواڵی ڕاگەیەنراوی ئەنجومەنی نۆژین ئەم داواکارییە لە لایەن سەرۆکی گشتیی دادگوستەریی پارێزگای کوردستانەوە ڕەت کراوەتەوە.