تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ئەمڕۆ سێشەممە ٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ زیندانییەکی مەحکووم بە ئێعدام بە مەبەستی بەگژاچوونەوەی سووکایەتی و جنێودانی هێزەکان و بەرپرسی بەشی پشکنینی زیندانی ناوەندیی ئیلام بە خۆی و بنەماڵەکەی لە ڕۆژی دیداردا، دەستی داوەتە مانگرتنی ناڕەزاییانە.

دەوترێت ڕۆژی ڕابردوو ئەم زیندانییە لە کاتی دیدارکردن لەگەڵ بنەماڵەکەی لە لایەن هەندێ لە هێزەکانی زیندانەوە سووکایەتیی پێ کراوە. دوای ناڕەزایی دەربڕینی ناوبراو بەرانبەر بەم جۆرە هەڵسوکەوتە، بەرپرسی بەشی پشکنینی زیندان وێڕای پشتیوانیکردن لە هەڵسوکەوتی هێزەکانی زیندان سووکایەتیی بە خۆی و بنەماڵەکەی کردووە و جنێوی پێ داون.

کەمال بەیانی، هاووڵاتیی خەڵکی ئیلام، لە نزیکەی ٣ ساڵ لەمەوپێشەوە بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست لە زیندانی ئیلامدایە. ناوبراو لە لایەن دادگای ئەم شارەوە هەر بەم تۆمەتە حوکمی ئێعدام (قەساسی نەفس)ی بەسەردا سەپاوە.