ڕۆژی ڕابردوو ١٢ی جۆزەردان (٢ی ژوەن) هادی ڕوستەمی و مێهدی شاهیوەند، دوو زیندانیی مەحکووم بە بڕینەوەی چوار پەنجەی دەست، لە پێنجەم ڕۆژی مانگرتنەکەیاندا و دوابەدوای بەڵێنی هاوکاریکردنی بەرپرسانی زیندان و دادگا، کۆتاییان بە مانگرتنەکەیان هێنا. ئەم دوو زیندانییە بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست گواستنەوەیاندا لە زیندانی ناوەندیی ورمێوە بۆ زیندانی تارانی گەورە و نادیاربوونی چارەنووسیان لە زینداندا، مانیان لە خواردن گرتبوو.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بارودۆخی ئەم دوو زیندانییە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «ڕۆژی ڕابردوو ١٢ی جۆزەردان (٢ی ژوەن) لە حاڵێکدا کە ئەم دوو زیندانییە پێیان نابووە نێو پێنجەم ڕۆژی مانگرتنەوە، توانییان چاویان بە بەرپرسی تیپی یەکی زیندانی تارانی گەورە بکەوێت و دوای پێوەندیگرتن لەگەڵ بەرپرسی لقی ٣ی دادگای تاوانەکانی تاراندا و بەڵێنی هاوکاریکردنی ئەو بەرپرسە بۆ ڕەزامەندبوون بە داواکاریی لێبوردنی ناوبراوان، ئەم دوو زیندانییە کۆتاییان بە مانگرتنەکەیان هێنا».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ئەم دوو زیندانییە کە لەگەڵ هاودۆسیەکەی تریاندا بە ناوی مێهدی شەرەفیان لە ڕێکەوتی ٢٥ی گوڵاندا (١٥ی مەی) بە هۆکاری نادیار لە زیندانی ورمێوە ڕەوانەی زیندانی تارانی گەورە کرابوون، لە دووهەم ڕۆژی مانگرتندا بۆ تەمێکردن لە تیپی یەک هۆڵی ٢ەوە گوازرابوونەوە بۆ هۆڵی ٩ی ئەم زیندانە.

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا زیادی کرد: «بڵاوبوونەوەی هەواڵی گواستنەوەی زیندانییەک لە زیندانی کرماشانەوە بۆ زیندانی ئێڤین و جێبەجێکردنی حوکمی بڕینەوەی پەنجەکانی ئەم زیندانییە، بۆتە مایەی نیگەرانیی بنەماڵەی ئەم زیندانییانە لە مەترسیی جێبەجێکردنی حوکمی ئەم ٣ زیندانییەیش».

کۆتاییهاتنی مانگرتنی ئەم دوو زیندانییە لە حاڵێکدایە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەواڵی جێبەجێکردنی حوکمی بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی زیندانییەک لە ڕێکەوتی ١٠ی جۆزەرداندا (٣١ی مەی) لە زیندانی ئێڤینی تاران بڵاو کراوەتەوە. دەوترێت ئەم زیندانییە لە حەفتەکانی ڕابردوودا بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکم لە زیندانی دیزڵئاوای کرماشانەوە ڕەوانەی زیندانی ئێڤینی تاران کرابوو.

دوابەدوای گواستنەوەی ئەم سێ زیندانییە بۆ تاران دۆسیەکانیشیان ڕەوانەی بەردەم لقی ٣ی ئیجرای ئەحکامی تاوانەکانی تاران کراوە.

هادی ڕوستەمی پێشتر لە دووتوێی نامەیەکدا بۆ کۆمیسیۆنی لێبوردن و بەخشینی دەزگای دادوەریی ئێران و هەروەها ڕاپۆرتکاری تایبەتی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران، نووسیبووی: «من، زیندانی هادی ڕوستەمی کوڕی ناسر بە ژمارە دۆسیەی ١٠٠٤٠٣ لە دادگای کەیفەریی یەکی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، حوکمی بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاست و چەندین میلیارد غەرامەی ڕادەستکردنەوەی ماڵی دزراوم بەسەردا سەپاوە. لە پێنج ساڵ لەمەوپێشەوە تا ئێستە لە زینداندام و لە ئیدارەی ئاگاهیی چەندین شار و لەوانە ورمێ، ئەردەبیل و بەندەر ئەنزەلی خراومەتە ژێر ئەشکەنجەی قورسی جەستەییەوە».
ئەم زیندانییە لە درێژەی نامەکەیدا ڕایگەیاندبوو کە لە کۆی ئەو ٢٨ حاڵەتی دزینە کە لە دۆسیەکەیدا ئاماژەی پێ کراوە ئاگای لە ٢٠ حاڵەتیان نییە و دادگایش بەبێ گوێگرتن لە داکۆکییەکانی حوکمی بێبەزەییانەی بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاستی بەسەردا سەپاندووە.
ئەم حوکمە لە لقی ١٣ی دیوانی باڵای ئێراندا وەک خۆی پەسەند کراوەتەوە و بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی بەردەم لقی ٨ی ئیجرای ئەحکامی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ورمێ کراوە.

بە پێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، هەنووکە لانیکەم ٦ زیندانی لە زیندانەکانی ورمێ و تاران بە ناوەکانی هادی ڕوستەمی ٣٣ ساڵان، مێهدی شەرەفیان ٣٧ ساڵان، مێهدی شاهیوەند ٤٢ ساڵان، شەهاب تەیمووری ٣٥ ساڵان، مێهرداد تەیمووری ٣٩ ساڵان و کەسرا کەرەمی ٤٠ ساڵان، بە تۆمەتی «دزی» مەحکووم کراون بە بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستیان.