بنەماڵەی ژمارەیەک لە زیندانییانی بەندی ژنانی زیندانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی کرماشان لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا باس لە بارودۆخی نالەباری ئەم زیندانە دەکەن.

ئەم بنەماڵانە دەڵێن ئێستە نزیکەی ٧٠ ژن و منداڵێک لە پێنج ژووری ئەم بەندەدان، زۆربەی ئەم زیندانییانە لەبەر نەبوونی تەخت ناچارن لەسەر عەرز بخەون. هەروەها سەرەڕای کەڵەکەبوونی زیاد لە ئەندازەی ژمارەی زیندانییان لە فەزایەکی داخراوی ناتەندروستدا، توالێت و حەمامی بێدەرگا و کەمبوونی ئامێری هەواگۆڕین لە بەندەکەدا، بە دەستووری ئیدریس عەبدی، سەرۆکی زیندان، زیندانییەکان تەنها دوو کاتژمێر لە ڕۆژدا -لە کاتژمێر ١٧وە تا ١٩- دەتوانن بڕۆنە هەواخۆری یان حەوشەی زیندان.

بە وتەی بنەماڵەکان، کوالێتیی خواردنە دەوڵەتییەکەی زیندان زۆر خراپە و خواردەمەنییەکانی ناو فرۆشگەکەیش چەندین قات گرانترن لە نرخە ڕاستەقینەکەیان لە دەرەوەی زیندان. لە ئاست هەرجۆرە ناڕەزایەتییەکیشدا ئیدریس عەبدی، سەرۆکی زیندان و هاجەر کۆرانی، لە فەرمانبەرانی بەشی پاراستنی زیندان، لێدان و ئەشکەنجەکردنی زیندانییەکان دەگرنە بەر و لە هەندێ حاڵەتیشدا بە کەلەبچە و پێبەندەوە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسییان دەکەن.

بەپێی ئەو زانیارییانەی گەشتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بەم دواییانە و بە مەبەستی جێبەجێکردنی گوشاری زیاتر لەسەر ژنانی زیندانی، بە دەستووری سەرۆکی زیندان بەشداریکردن لە خولە فەرهەنگی و ئایینییەکانی زینداندا کراوەتە ئیجباری و هەر زیندانییەک ئامادە نەبێ بەشداری لەم خولانەدا بکات مافی دیداری حوزووریی حەفتانە لەگەڵ بنەماڵەی لێ زەوت دەکرێت. هەروەها نەخۆشخانەکەی زیندان هیچ پزیشکێکی پسپۆڕی لێ نییە و ڕۆژانە فەرمانبەرە ئاساییەکان لە نەخۆشخانەکە دەوام دەکەن و هەرتەنها چارەسەری ئارامکەرەوە بۆ زیندانییە نەخۆشەکان دادەنێن. لە کاتی ئۆرژانسییشدا زیندانییە نەخۆشەکان لەبەر نەبوونی ئامبولانس دوای چەندین کاتژمێر و تەنانەت هەندێ کات چەندین ڕۆژ ڕەوانەی ناوەندە پزیشکییەکانی دەرەوەی زیندان دەکرێن.

کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی کرماشان لە چەند کیلۆمەتریی شاری کرماشان بەرەو سنە هەڵکەوتووە. ئەم شوێنە دوو بەشی هەیە کە بریتیین لە زیندانی منداڵان و زیندانی ژنان.