چوار چالاکوانی کورد بە ناوەکانی ئەشکان فەهیم، ڕەزا ئەندێشە، ڕزگار ڕەحیمیان و محەممەد مەریوانی کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا دوابەدوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی ورمێوە گوازراونەتەوە بۆ زیندانی مەهاباد، تا ئێستایش بە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتییەوە لە دۆخێکی نادیاردا ڕاگیراون.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم چوار چالاکە کوردە ڕۆژی ٢٤ی خەرمانان (١٤ی سێپتامبەر) دوای هێرشکردنی دەیان چەکداری دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بۆ سەر ماڵێک لە نزیک مەیدانی ئیستیقلالی مەهاباد دەستبەسەر کران. هێزە ئەمنییەکان سەرەتا دەرگا و پەنجەرەکانی ماڵەکەیان شکاندبوو و پاشان لەوپەڕی توندوتیژیدا بەر ببوونە گیانی ئەو کەسانە و لە حاڵێکدا کە برینداریان کردبوون و خوێنیان لێ دەچوو، هەموویان دەستبەسەر کردن.

دەوترێت ئەم هاووڵاتیانە لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداراندا لە سەربازگەی ئەلمەهدیی سوپای پاسدارانی ورمێ بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرابوونە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونییەوە.

ڕەزا ئەندێشە ڕۆژی ٢٣ی ڕەزبەر (١٥ی ئۆکتۆبەر) و ئەشکان فەهیم، ڕزگار ڕەحیمیان و محەممەد مەریوانییش لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڕەوانەی زیندانی مەهاباد کراون.

ئەشکان فەهیم، چالاکی ئەدەبی و فەرهەنگی، ڕەزا ئەندێشە، چالاکی مەدەنی، ڕزگار ڕەحیمیان و محەممەد مەریوانی تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کوردیان ڕووبەڕوو کراوەتەوە.