عەبدولعەزیز گوڵمحەممەدی، زیندانیی سیاسیی کورد کە لە زیندانی ناوەندیی ورمێدا سزای ١٠ ساڵ و ڕۆژێک بەندکران تێدەپەڕێنێت، وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست ڕەتکردنەوەی داواکارییەکەیدا بۆ پێدانی مۆڵەتی پشووی کاتی لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە، لە ڕۆژی شەممە ٢٢ی ڕەزبەرەوە (١٤ی ئۆکتۆبەر) دەستی داوەتە مانگرتنی وشک لە خواردن.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ئەم زیندانییە سیاسییە ڕۆژی شەممە ٢٢ی ڕەزبەر (١٤ی ئۆکتۆبەر) نامەی مانگرتنەکەی ڕادەستی بەرپرسانی زیندان کردووە و ڕایگەیاندووە کە وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست ڕەتکردنەوەی داواکارییەکەیدا بۆ پێدانی مۆڵەتی پشووی کاتی لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە، مان لە خواردن دەگرێت و مانگرتنەکەیشی وشک دەبێت.

لە چەند مانگی ڕابردوودا بەرپرسانی زیندان و دادوەری چاودێری زیندان ڕەزامەندیی خۆیان لەگەڵ پێدانی مۆڵەتی پشووی کاتیدا بەم زیندانییە سیاسییە ڕاگەیاندووە، بەڵام داواکاری گشتیی ورمێ دوابڕیاری بەستووەتەوە بە ڕەزامەندیی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە.

عەبدولعەزیز گوڵمحەممەدی لە ڕێکەوتی ١٦ی ڕەزبەری ١٣٩٨دا (٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩) لەگەڵ ٤ هاووڵاتیی دیکەدا بە ناوەکانی کامران قاسمی، ئومید سەعیدی، نایب حاجیزادە و کەیوان ڕەشۆزادە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و پاشان ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کران و دوای دوو مانگ لێپرسینەوە گواسترانەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ. دادگای ئەم هاووڵاتیانە دوای ساڵێک لە سەرماوەزی ١٣٩٩دا (نۆڤامبەری ٢٠٢٠) لە لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ورمێ بەڕێوە چوو و هەر پێنجەکەیان بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگەی ئەندامێتییەوە لە کۆمەڵەدا، سزای ١٠ ساڵ و ڕۆژێک بەندکرانیان بەسەردا سەپا. حوکمەکەی ئەم هاووڵاتییە دوای ماوەیەک لە لایەن لقی ٤١ی دیوانی باڵای ئێرانەوە وەک خۆی پەسەند کرایەوە.

عەبدولعەزیز گوڵمحەممەدی ڕۆژی ٧ی ڕێبەندانی ١٣٩٩ (٢٦ی ژانڤییەی ٢٠٢١) دوای دەرکردنی حوکمەکە بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی ئازاد کرا و دوای ٧ مانگ لە گەلاوێژی ١٤٠٠دا (ئاگۆستی ٢٠٢١) بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکمەکە دەستبەسەر و ڕەوانەی بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ کرایەوە.