عەبدولعەزیز گوڵمحەممەدی، زیندانیی سیاسیی کوردی زیندانی ناوەندیی ورمێ کە لە سێزدەهەم ڕۆژی مانگرتندایە، ئەمڕۆ سەرلەنوێ تووشی دابەزینی زەخت و لاوازکەوتنی جیدی بووە و پزیشکانی نەخۆشخانەکەی زیندان ڕایانگەیاندووە کە لەبەر دۆخی ناجێگیری تەندروستی لە ئەنجامی دابەزینی کێش و پێشینەی نەخۆشیی خوێنلێچوونی مەعیدەدا، بەردەوامبوونی مانگرتنەکەی مەترسیدارە.

ئەم زیندانییە سیاسییە کە بە نیشانەی ناڕەزایی لە ئاست ڕەتکردنەوەی داواکارییەکەیدا بۆ پێدانی مۆڵەتی پشووی کاتی لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە ڕۆژی شەممە ٢٢ی ڕەزبەرەوە (١٤ی ئۆکتۆبەر) مانی لە خواردن گرتووە، لە حەفتەیەک لەمەوپێشەوە لە نەخۆشخانەکەی زیندان خەوێنراوە.

ئەم زیندانییە سیاسییە کە پێنج ڕۆژی سەرەتای مانگرتنەکەی وشک بووە، دوای گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانەی زیندان و بەڵێنی بەرپرسانی زیندان بۆ بەدواداچوونی داواکارییەکانی، بە وەرگرتنی کانولە (سیرۆم) کۆتایی بە مانگرتنە وشکەکەی هێنابوو و ڕایگەیاندبوو کە هەتا جێبەجێکردنی داواکەی بۆ پێدانی مۆڵەتی پشووی کاتی، درێژە بە مانگرتنی تەڕ دەدات.

لە یەک حەفتەی ڕابردوودا و سەرەڕای داواکاریی عەبدولعەزیز محەممەدی بۆ دیدارکردن لەگەڵ دادوەری چاودێری زیندان و پێشکەشکردنی داوای ڕەسمیی پێدانی پشووی کاتی بەم بەرپرسە دادوەرییە، ناوبراو تا ئێستا ئامادە نەبووە لە نەخۆشخانەی زینداندا چاوی بەم زیندانییە سیاسییە بکەوێت.

لە چەند مانگی ڕابردوودا بەرپرسانی زیندان و دادوەری چاودێری زیندان ڕەزامەندیی خۆیان لەگەڵ پێدانی مۆڵەتی پشووی کاتیدا بەم زیندانییە سیاسییە ڕاگەیاندووە، بەڵام داواکاری گشتیی ورمێ دوابڕیاری بەستووەتەوە بە ڕەزامەندیی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە. بەڵام ئەم دەزگا ئەمنی-سەربازییە داواکارییەکەی ڕەت کردووەتەوە.

عەبدولعەزیز گوڵمحەممەدی، هاووڵاتیی خەڵکی ورمێ، لە ڕێکەوتی ١٤ی ڕەزبەری ١٣٩٨دا (٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩) لە حاڵێکدا کە بە بۆنەی دۆسیەیەکی ناسیاسییەوە لە زیندانی ناوەندیی ورمێدا بوو، لەم زیندانەوە گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە سەربازگەی ئەلمەهدیی ئەم شارە.

ئەم هاووڵاتییە لەگەڵ ٤ هاووڵاتیی دیکەدا بە ناوەکانی کامران قاسمی، ئومید سەعیدی، نایب حاجیزادە و کەیوان ڕەشۆزادە کە ڕۆژی ١٦ی ڕەزبەری ١٣٩٨ (٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم شارەدا دەستبەسەر کرابوون، بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا» بۆ ماوەی دوو مانگ لەو دەستبەسەرگە ئەمنییەدا خرانە ژێر لێپرسینەوە. هەموو ئەمانەش لە کاتێکدایە کە عەبدولعەزیز گوڵمحەممەدی پێشتر هیچ پێوەندییەکی لەگەڵ ئەم کەسانەدا نەبووە.

دادگای ئەم هاووڵاتیانە دوای ساڵێک لە سەرماوەزی ١٣٩٩دا (نۆڤامبەری ٢٠٢٠) لە لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ بەڕێوە چوو و هەر پێنجەکەیان بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگەی ئەندامێتییەوە لە کۆمەڵەدا، سزای ١٠ ساڵ و ڕۆژێک بەندکرانیان بەسەردا سەپا. حوکمەکەی ئەم هاووڵاتییە دوای ماوەیەک لە لایەن لقی ٤١ی دیوانی باڵای ئێرانەوە وەک خۆی پەسەند کرایەوە.

عەبدولعەزیز گوڵمحەممەدی ڕۆژی ٧ی ڕێبەندانی ١٣٩٩ (٢٦ی ژانڤییەی ٢٠٢١) دوای دەرکردنی حوکمەکە بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی ئازاد کرا و دوای ٧ مانگ لە گەلاوێژی ١٤٠٠دا (ئاگۆستی ٢٠٢١) بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکمەکە دەستبەسەر و ڕەوانەی بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ کرایەوە.