عەبدولعەزیز گوڵمحەممەدی، زیندانیی سیاسیی کورد، لە نۆزدەهەمین ڕۆژی مانگرتن لە خواردن لە نەخۆشخانەی زیندانی ورمێدایە و سەرەڕای ناجێگیربوونی دۆخی تەندروستیی و ڕەزامەندیی بەرپرسانی زیندان بۆ پێدانی مۆڵەتی پشووی کاتی، بەڵام دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران تا ئێستایش ڕێگریی لە پێدانی پشووی کاتی بەم زیندانییە سیاسییە کوردە دەکات.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم زیندانییە سیاسییە تووشی دابەزینی زەخت و لاوازبوونی بەرچاوی جەستە بووە و پزیشکانی نەخۆشخانەی زیندان ڕایاگەیاندووە کە لەبەر دۆخی خراپی تەندروستییەکەی بە هۆی دابەزینی کێش و پێشینەی نەخۆشیی خوێنلێچوونی مەعیدەوە، درێژەدان بە مانگرتنەکە مەترسیی لەسەر دروست کردووە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دادوەری چاودێر و بەرپرسانی زیندان لە نەخۆشخانەکەدا لەگەڵ عەبدولعەزیز گوڵمحەممەدی دیداریان کردووە و ڕایانگەیاندووە کە شۆرای پۆلێنبەندیی زیندان تا ئێستا دوو جار ڕەزامەندیی خۆی بۆ پێدانی مۆڵەتی پشووی کاتی بەم زیندانییە سیاسییە ڕاگەیاندووە، بەڵام دوابڕیاری ئەم چەشنە دۆسیانە لە دەسەڵاتی دەزگا ئەمنیی پێوەندیدار واتە دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداراندایە کە ناوبراوی دەستبەسەر کردووە. دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانیش تا ئێستا پێدانی پشووی کاتی بەم زیندانییە کوردەی ڕەت کردووەتەوە.

عەبدولعەزیز گوڵمحەممەدی لە پێنج ڕۆژی یەکەمدا مانگرتنەکەی وشک بوو، بەڵام دوای گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانەکەی زیندان و بەڵێنی بەرپرسانی زیندان بۆ بەدواداچوونی داواکارییەکانی، بە وەرگرتنی کانوولە (سیرۆم) کۆتایی بە مانگرتنە وشکەکەی هێنا، بەڵام هاوکات ڕایگەیاندووە کە تا داواکارییەکەی بۆ پێدانی مۆڵەتی پشووی کاتی جێبەجێ نەکرێت درێژە بە مانگرتنی تەڕ دەدات.

عەبدولعەزیز گوڵمحەممەدی، هاووڵاتیی خەڵکی ورمێ، لە ڕێکەوتی ١٤ی ڕەزبەری ١٣٩٨دا (٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩) لە حاڵێکدا کە بە بۆنەی دۆسیەیەکی ناسیاسییەوە لە زیندانی ناوەندیی ورمێدا بوو، لەم زیندانەوە گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە سەربازگەی ئەلمەهدیی ئەم شارە.

ئەم هاووڵاتییە لەگەڵ ٤ هاووڵاتیی دیکەدا بە ناوەکانی کامران قاسمی، ئومید سەعیدی، نایب حاجیزادە و کەیوان ڕەشۆزادە کە ڕۆژی ١٦ی ڕەزبەری ١٣٩٨ (٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم شارەدا دەستبەسەر کرابوون، بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا» بۆ ماوەی دوو مانگ لەو دەستبەسەرگە ئەمنییەدا خرانە ژێر لێپرسینەوە. هەموو ئەمانەش لە کاتێکدایە کە عەبدولعەزیز گوڵمحەممەدی پێشتر هیچ پێوەندییەکی لەگەڵ ئەم کەسانەدا نەبووە.

دادگای ئەم هاووڵاتیانە دوای ساڵێک لە سەرماوەزی ١٣٩٩دا (نۆڤامبەری ٢٠٢٠) لە لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ بەڕێوە چوو و هەر پێنجەکەیان بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگەی ئەندامێتییەوە لە کۆمەڵەدا، سزای ١٠ ساڵ و ڕۆژێک بەندکرانیان بەسەردا سەپا. حوکمەکەی ئەم هاووڵاتییە دوای ماوەیەک لە لایەن لقی ٤١ی دیوانی باڵای ئێرانەوە وەک خۆی پەسەند کرایەوە.

عەبدولعەزیز گوڵمحەممەدی ڕۆژی ٧ی ڕێبەندانی ١٣٩٩ (٢٦ی ژانڤییەی ٢٠٢١) دوای دەرکردنی حوکمەکە بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی ئازاد کرا و دوای ٧ مانگ لە گەلاوێژی ١٤٠٠دا (ئاگۆستی ٢٠٢١) بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکمەکە دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرایەوە.