ئارمان فەرەهمەند، «منداڵ-تاوانکار»ی خەڵکی مەریوان، دوای ٦ ڕۆژ کۆتایی بە مانگرتنەکەی خۆی لە کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنەدا هێنا. ئەم زیندانییە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرامبەر بەردەوامێتیی نادیاربوونی چارەنووسی و پشتگوێخستنی دۆسیەکەیدا، لە ڕۆژی شەممە ٢٩ی جۆزەردانەوە لێوەکانی دووریبوویەوە و مانی لە خواردن گرتبوو.

کەسێکی نزیک لە ئارمان فەرەهمەند وێڕای پشتڕاستکردنەوە کۆتاییهاتنی مانگرتنەکەی ئەم زیندانییە، بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «ئارمان ڕۆژی ڕابردوو ٣ی پووشپەڕ، دوای پێداگریی بەرپرسانی زیندان و دانی بەڵێنی لەبەرچاوگرتنی داواکارییەکانی و لە دۆخێکی تەندروستیی خراپدا، کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ئارمان فەرەهمەند لە ڕێکەوتی ١١ی خەرمانانی ١٣٩٩ و لە تێکهەڵچوونێکی بەکۆمەڵدا کە کوشتنی کەسێکی لێ کەوتبۆوە، لەگەڵ ٨ کەسی دیکەدا بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست دەستبەسەر کرا. دوای ماوەیەک ٨ کەسەکەی تر ئازاد کران بەڵام لقی ٢ی لێپرسینەوەی دادسەرای مەریوان ئامادە نییە لە دۆسیەکەی ئارمان بکۆڵێتەوە.

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا وتی: «ئارمان زیاتر لە ٩ مانگە لە دۆخی دژواری کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنەدا ڕاگیراوە و کەچی هەر چارەنووسی بە نادیاری ماوەتەوە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ڕۆژی شەممە ٢٩ی جۆزەردان بە دوورینەوەی لێوەکانی مان لە خواردن بگرێت».