هاشم ساعیدی، باوکی سارینا ساعیدی لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە سنە، لە لایەن دادگای کەیفەریی بۆکانەوە سزای ٦ مانگ و نیو بەندکران و ٤٠ قامچیی بەسەردا سەپا.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی دووی بۆکان بە تۆمەتی «تێکدانی ئارامیی گشتی» سزای ٦ مانگ و نیو بەندکران و ٤٠ قامچیی بەسەر ئەم هاووڵاتییەدا سەپاندووە. ڕۆژی ڕابردوو ١٢ی پووشپەڕ (٤ی جولای) ئەم حوکمە لە دادگای بۆکاندا بە هاشم ساعیدی ڕاگەیەنراوە.

هاشم ساعیدی ڕۆژی ڕابردوو بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی دەرکردنی ئەم حوکمە لە لاپەڕەی ئینستاگرامەکەی خۆیدا نووسیویەتی: «ئەمڕۆ چوومە دادگای بۆکان، بەڵام نە دادوەرم بینی و نە توانیم قسەیەک بکەم. تەنها ئەزیەتیان کێشا و وتیان دادگا بڕیاری دەرکردووە. بە تۆمەتی چوونەسەر مەزار و سەرەخۆشیکردن ٦ مانگ و نیو بەندکران و ٤٠ قامچییان بۆ بڕیومەتەوە. منداڵەکەی من کوژراوە و ئەم هەموو لاوە کوژراون، هیچ گرنگ نییە، هەر بە ڕاست یاسا لە ئێراندا مانایەکی هەیە؟»

لە ڕێکەوتی ١٩ی جۆزەرداندا (٩ی ژوەن) ژمارەیەک لە ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازانی شارەکانی دێولان، دیواندەرە و سنە کە بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی یادی گیانبەختکردوانی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی شارەکانی سەقز و بۆکاندا کردبوو، لە کاتی گەڕانەوەدا لە دەروازەی شاری بۆکان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران. هاشم ساعیدی دوای ١٢ ڕۆژ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە زیندانی بۆکان ئازاد کرا. ئەم هاووڵاتییە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا دەرکردنی حوکمەکە لە مافی دیاریکردنی پارێزەر بێبەش کرابوو.

سارینا ساعیدی، منداڵی ١٦ ساڵانی خەڵکی سنە، لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم شارە و لە ڕێکەوتی ٤ی گەڵاڕێزانی ١٤٠١دا (٢٦ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢) دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکان بە باتۆم لێیان دا و برینداریان کرد و پاش ڕۆژێک مانەوە لە نەخۆشخانە، بە هۆی خوێنلەبەرچوونی مێشکەوە گیانی لەدەست دا.