ئەرەشک قەیسەربەیگی، خوێندەڤانی ١٥ ساڵانی خەڵکی شاری سەراوڵەی پارێزگای ئیلام کە ڕۆژی ٨ ی پووشپەڕ (٢٩ی ژوەن) دوای بانگهێشتکران بۆ دادگای ئەم شارە دەستبەسەر کرابوو، تا ئێستایش هەر لە بەندی مێرمنداڵانی دەستبەسەرگەی ناوەندیی ئیلامدایە.

دامودەزگا ئەمنییەکان بە بنەماڵەی ئەم منداڵە دەستبەسەرکراوەیان ڕاگەیاندووە تا کاتێک برا گەورەکەی، ئەرشیا قەیسەربەیگی، خۆی ڕادەستی ئیدارەی ئیتلاعات نەکات منداڵەکەی تریان هەر دەستبەسەر دەبێت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەسەراوڵەی ئیلام سەبارەت بە دوایین دۆخی ئەم قوتابییە دەستبەسەرکراوە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «ئەم منداڵە دوای ٢١ ڕۆژ دەستبەسەربوون بەبێ ئەوەی جارەنووسی دیاری بکرێت لە بەندی مێرمنداڵانی دەستبەسەرگەی ناوەندیی ئیلامدا ڕاگیراوە. ئەرەشک لەبەر ئەوەی لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتدا ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕۆحی دراوە، لە دۆخێکی ڕۆحیی نەگونجاودایە».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، لێپرسەوە ئەمنییەکان لە کاتی لێپرسینەوەکاندا بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر چاویان بەستووە و چەندین جاریش بە شۆکەری کارەبا ئەشکەنجەیان داوە. هەر بۆیە ئەرەشک لەژێر ئەم ئەشکەنجانەدا ناچار بووە ددان بە تاوانباربوونی خۆیدا بنێت، لە لایەکی تریشەوە لێپرسەوە ئەمنییەکان ڕایانگەیاندووە بە مەرجێک ئەرەشک ئازاد دەکەن کە برا گەورەکەی، ئەرشیا قەیسەربەیگی، دەستبەسەر بکرێت.

ئەرەشک قەیسەربەیگی، خوێندەڤانی پۆلی سێی دواناوەندی، ڕۆژی ٨ ی پووشپەڕ (٢٩ی ژوەن) لە لایەن دادگای سەرئاوڵەوە بانگهێشت کرا و دوای ئەوەی لەگەڵ باوکیدا لە بەردەم دادگادا ئامادە بوو بە دەستووری داواکاری گشتی دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ناوەندیی ئیلام.

هەروەها بەرەبەیانی ڕۆژی ٩ی پووشپەڕ (٣٠ی ژوەن) هێزە ئەمنییەکان بە مەبەستی دەستبەسەرکردنی منداڵە ١٧ ساڵەکەی تری ئەم بنەماڵەیە، ئەرشیا قەیسەربەیگی، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەیان، بەڵام لەبەر ئەوەی لە ماڵەوە نەبووە نەیانتوانیوە دەستبەسەری بکەن.

ئەم منداڵە دەستبەسەرکراوە لە دوو حەفتەی یەکەمدا بە ڕۆژ دەبرایە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلام و شەوانە دەگەڕێنرایەوە بۆ بەندی مێرمنداڵانی دەستبەسەرگەی ناوەندیی ئیلام.

ئەرەشک قەیسەربەیگی ساڵی ڕابردوو چەندین جار بە تەلەفۆن لە لایەن ئیتلاعاتی پۆلیسی هێزی ئینتیزامیی سەراوڵەوە بانگهێشت کرابوو. هەروەها ئەرشیا قەیسەربەیگی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو (ئۆکتۆبری ٢٠٢٢) لە کاتی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سەراوڵە دەستبەسەر و دوای ١٠ ڕۆژ لە زیندان ئازاد کرابوو.

لە چەند مانگی ڕابردوودا ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلام بە بیانووی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان لە ڕەوتی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لەم شارەدا، شەپۆلێکی نوێی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیانی دەست پێ کردووە و چەند حەفتە لەمەوپێش لانیکەم ٨ هاووڵاتی و لەوانە مێهرداد قەیسەربەیگیی مامەی ئەم منداڵەیان دەستبەسەر کردووە.