بەپێی ئەو زانیارییانەی بەردەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان کەوتووە، لە ڕێکەوتی ٢٧ی پووشپەڕدا هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار بە ناوی ڕەسوول باکەند بە هۆی بەرکەوتنی گوللە هاوەنی سپای پاسداران لە ناوچەی «کانی‌ڕەش»ی نزیک کوێستانی قەندیل گیانی لە دەست داوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پیرانشار، سەبارەت بە کوژرانی ئەم هاووڵاتییە کوردە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی دوا و وتی: «کاتژمێر٤:٣٠ی بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٢٧ی پووشپەڕ، هێزەکانی پاسگای “کووروش” بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەخت کۆمەڵێک شوان و خێمەی دانیشتووانی گوندەکانی ناوچەی کانی ڕەشی نزیک قەندیلیان دایە بەر گوللەی دۆشکا و پاشان دەستیان دایە هاوەنبارانکردنی ناوچەکە».
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ڕەسوول باکەند، هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار کە لەگەڵ کۆمەڵێک خەڵکی‌تردا بە ڕانە حەیوانەکانیانەوە چووبوونە ئەو ناوچەیە، کەوتە بەر هاوەن و بە قورسی بریندار بوو، ناوبراو دوای چەند کاتژمێر خوێنلەبەرچوونی زۆر و لە کاتی گواستنەوەدا بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.
ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا ئەوەشی وت کە ڕەسوول یاکەند تەمەن ٣٢ ساڵ و باوکی دوو منداڵە و سێهەم منداڵەکەیشی تا مانگێکی‌تر لەدایک دەبێت، ناوبراو چەندین ساڵە بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی بنەماڵەکەی خەریکی کرێکاری و شوانییە و ئێستا بنەماڵەکەی لە دۆخێکی ڕۆحی و مادیی زۆر سەخت و دژواردان.
سپای پاسداران هەموو ساڵ چەندین جار و بە تایبەت لە وەرزەکانی بەهار و هاویندا، ناوچەکانی دەوروبەری چیای قەندیل لە سنووری نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و کوردستان لەگەڵ کوردستانی ئێراقدا دەکاتە ئامانجی هێرشی قورسی سەربازی و تۆپبارانکردنەوە، ئەمەش بەو بیانووەی گوایە ئەندامانی حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردییەکانیان لەو ناوچانەدا جێگیر بوون. ئەم کارەی سپا بۆتە هۆی ئاوارەبوونی دانیشتوانی گوندەکانی ئەو ناوچانە و هەروەها کوژران و برینداربوونی هاووڵاتییانی مەدەنی.