ئەمڕۆ چوارشەممە ٢١ی پووشپەڕ (١٢ی جولای) سیامەند شابۆیی، ئەندامی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران، لە نزیک شاری هەولێری پێتەختی هەرێمی کوردستان تیرۆر کرا. پێشتر و لە ڕۆژی هەینی ١٦ی پووشپەڕدا (٧ی جولای) ٢ ئەندامی دیکەی ئەم حیزبە بە ناوەکانی لوقمان ئاجی و عادل موهاجیر لە ناوچەیەکی گەشتیاریی شاری ڕانیەی هەرێمی کوردستان (ناوچەی هەڵشۆی سەر بە قەڵادزێ) تیرۆر کرابوون.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢١ی پووشپەڕ (١٢ی جولای) تەرمی بێگیانی ئەم چالاکە سیاسییەی ئەندامی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران کە ڕۆژی ڕابردوو لە هەولێر بزر ببوو، لە نزیک گەڕەکی «بەحرکە»ی ئەم شارە دۆزراوەتەوە.

دەوترێت تەرمی ئەم چالاکە سیاسییە کە لە پشتەوە چەندین گوللەی پێوە نراوە، ڕەوانەی پزیشکیی دادی شاری هەولێر کراوە.

حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک وێڕای شەرمەزارکردنی ئەم تیرۆرە داوای لە دەوڵەتی فیدراڵی ئێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە ئیجازە نەدەن کۆماری ئیسلامی ئەم وڵاتە وەکوو ڕابردوو بکاتە گۆڕەپانی تیمە تیرۆریستییەکانی خۆی.

تیرۆری ئەم چالاکە سیاسییە لە کاتێکدایە کە ماڵپەڕەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەوانە سایتی «دیار و نادیار»، پێشتر هەڕەشەیان لەم چالاکە کردبوو. هەروەها لە مانگەکانی ڕابردوودا چەندین ئەندامی بنەماڵەکەی و لەوانە منداڵە ١٤ ساڵانەکەی بە ناوی کۆمار شابۆیی کە لە شاری شنۆ دەژین، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بۆ ماوەیەک دەستبەسەر کرابوون.

سیامەند شابۆیی، ٣٦ ساڵان و خەڵکی شنۆ، لە شاری هەولێری پێتەختی هەرێمی کوردستان ئیشی لەحیمکاریی دەکرد.

ڕۆژی ڕابردوو سەرۆکی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڕەشەی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکانی دانیشتووی هەرێمی کوردستان کردبوو. ناوبراو لە کۆبوونەوەی فەرماندەکانی سوپای پاسداران لە مەشهەددا ڕایگەیاندبوو: «هێزی زەمینیی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی بۆ پارێزگاریکردن و پاراستنی ئاسایشی وڵات زنجیرە ئۆپەراسیۆنێکی بە مووشەک و درۆن دژ بەم گرووپانە ئەنجام دا و دوای ئەوەی کە دەوڵەتی ئێراق بەڵێنی دا هەتا مانگی خەرمانان (سێپتامبر) ئەم گرووپانە چەک بکات و ڕێگا لە چالاکییان بگرێت، ئۆپەراسیۆنەکان ڕاگیران».

ئەم بەرپرسە سەربازییەی ئێران هۆشداریی دابوو: «هەتا خەرمانان کە وادەی جێبەجێکردنی بەڵێنەکەی دەوڵەتی ئێراقە دەوەستین و هیوادارین دەوڵەتی ئێراق بەرپرسایەتییەکانی خۆی جێبەجێ بکات، بەڵام ئەگەر دوای ئەم ماوەیە ئەو گرووپانە هەشتا جەکدار بن یان چالاکییەک ئەنجام بدەن، بێگومان ئۆپەراسیۆنەکانی ئێمە دژ بەو گرووپانە زۆر قورستر لە جاران دووبارە دەبێتەوە».