ئێوارەی ٧ی خاکەلێوە (٢٧ی مارس) هێزەکانی پۆلیسی کەلانتەریی کرماشان لە نزیک مەیدانی نیایشی ئەم شارە کەوتوونەتە دوای ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییەک بە ناوی ئازاد ڕەزایی و تەقەیان لێ کردووە کە لە ئەنجامدا ئەم هاووڵاتییە دوای ئەوەی گوللە بەر سەری کەوتووە، دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، هێزەکانی پۆلیسی کەلانتەریی کرماشان ئێوارەی ٧ی خاکەلێوە (٢٧ی مارس) لەبەر ئەوەی ئازاد ڕەزایی بەڵگەنامەکانی ئۆتۆمبێلەکەی پێ نەبووە، دەکەونە دوای و تەقەی ڕاستەوخۆی لێ دەکەن. لەو دەسڕێژەدا گوللە بەر سەری ئەم هاووڵاتییە دەکەوێت و دەستبەجێ گیانی لەدەست دەدات و تەرمەکەیشی دەگوێزرێتەوە بۆ پزیشکیی داد.

دەوترێت تا ئێستا و بە هۆکاری نادیار پزیشکیی داد ئامادە نەبووە تەرمی ئەم هاووڵاتییە ڕادەستی بنەماڵەکەی بکاتەوە.

ئازاد ڕەزایی، ٢٥ ساڵان، خەڵکی گوندی «بان بیدی قەڵخانی» لە ناوچەی گاوارەی شاری شاباد (ئیسلامئاوای ڕۆژئاوا) و دانیشتووی گەڕەکی ئیسلامییەی کرماشان بوو.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە (٢١ی مارس) ئەمە دووهەم حاڵەتی کوشتنی هاووڵاتییانی کورد بە دەسڕێژی هێزە سەربازی-ئەمنییەکانە. پێشتر و لە ڕێکەوتی ٢ی خاکەلێوەیشدا (٢٢ی مارس) بێهزاد عەزیزی، هاووڵاتیی ١٩ ساڵانی خەڵکی گوندی «دەرەشێخان»ی بانە، لە خاڵی پشکنینی دەروازەی ئەم شارەدا بە دەسڕێژی هێزەکانی سپای پاسداران کوژرابوو.