تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان ئاگادار كراوه‌ته‌وه كه له چه‌ند حه‌فته‌ی ڕابردوودا ژماره‌یه‌ك له‌بنەماڵەی ئه‌ندامانی حیزبه کوردییەکان بانگهێشتی ده‌زگای هه‌واڵنێریی ئیداره‌ی ئیتلاعاتی شاره‌كانی ورمێ، سنه، مه‌ریوان، كامێران و كرماشان كراون.
کۆمەڵە کاربەدەستێکی جلوبەرگ مەدەنی کە خۆیان وه‌ك نوێنەری تایبه‌تی دەزگای دادی ئێران ناساندووه، داوایان له‌م بنه‌ماڵانه كردوه شكایه‌تنامه‌یه‌ك دژی حیزبه كوردییه‌كان واژۆ بكه‌ن.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌م باره‌وه‌به‌تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستانی وت: «به‌رپرسان به‌گوشارهێنان و تۆقاندنی بنه‌ماڵه‌كان داوایان لێ كردوون نامه‌یه‌ك به‌زمانی ئینگلیزی واژۆ بكه‌ن و ئاراستەی شۆرای باڵای مافی مرۆڤی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانی بکەن و تێیدا بڵێن كه ڕۆڵەکانیان له‌لایه‌ن حیزبه کوردییەکانەوە ڕفێندراون».
به‌وته‌ی ئه‌م سه‌رچاوه‌یە، ئه‌و کەسانه‌ی خۆیان وه‌ك ئه‌ندامی دەزگای دادوەری ناساندووه، هه‌ڕه‌شه‌یان له بنه‌ماڵه‌كان كردووه كه ئه‌گه‌ر ئه‌و نامه‌یە واژۆ نه‌كه‌ن ئەگەری ده‌ستبه‌سەر‌کردن و کردنەوەی دۆسیه‌ی یاسایی لە دژی ئەوان لە ئارادا دەبێت، هه‌ر بۆیە ژماره‌یه‌ك له بنه‌ماڵه‌كان لە ژێر ئەم گوشار و هه‌ڕه‌شه‌یەدا، جگه له واژۆی شكایه‌تنامە، ناچار کراون وتووێژی تەلەفیزیۆنییش بکەن.
ده‌وترێ ژماره‌یه‌ك له‌و كه‌سانه‌ی بانگهێشت كراون، بنه‌ماڵه‌ی هەندێ له ئه‌ندامانی حیزبه كورده‌كانن كه منداڵه‌كانیان له چه‌ند ساڵی ڕابردوودا له شەڕی دژ بە هێزه چەکداره‌كانی ئێران و توكییادا گیانیان لەدەست داوە.
له‌چه‌ند ساڵی ڕابردوودا ئیداره‌ی ئیتلاعات و ده‌زگای ئیتلاعاتی سپا له شاره جۆراوجۆره‌كانی كوردستاندا ویستوویانە لە ڕێی بانگهێشتكردن و لێپرسینه‌وه له بنه‌ماڵه‌ی چالاكانی سیاسیی ده‌ره‌وه‌ی وڵات، بەر بە چالاكییه سیاسییه‌كانی ئه‌م كه‌سانه بگرن و بیانگه‌ڕێننەوە بۆ ئێران.
ئه‌م گوشارانه له حاڵێكدا ڕوو دەدەن كه ئێستا لانیکه‌م ١٠ چالاكی سیاسی و ئه‌ندامی پێشووی حیزبه ئۆپۆزیسیۆنە کوردییەکان، سه‌ره‌ڕای هەماهه‌نگیکردن له‌گه‌ل ده‌زگا ئه‌منییه‌كاندا و وەرگرتنی ئه‌ماننامه، کەچی دوای گه‌ڕانه‌وه بۆ ئێران ده‌ستبه‌سه‌ر کراون و سزای قورسیان به‌سه‌ردا سەپاوە.