تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی جۆزەردان (١٥ی ژوەن) ئارشاک ڕەووف گونبەدی، چالاکی سیاسی و لە بەڕێوەبەرانی کاناڵی تێلێگرامیی «Hilbijêr»، دوای ڕۆژێک دەستبەسەربوون بە دانانی کەفالەت لە دەستبەسەرگەی پۆلیسی ئەمنییەتی ورمێ ئازاد کراوە.

ناوبراو ڕۆژی پێشتر لە ڕیستۆرانێکی ورمێ لە لایەن پۆلیسی ئەمنییەتی ئەم شارەوە دەستبەسەر کرابوو و گوازرابوویەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنییە.

دەوترێت دەستبەسەرکردنی ناوبراو دوای ئەوە ڕووی داوە کە لە ئاست قسەکانی عەلیڕەزا مەلامحەممەدیزادەی قایمقامی پێشووی ورمێدا سەبارەت بە کوردەکانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، پەرچەکرداری ناڕەزاییانەی دەربڕیبوو.

ئەم چالاکە سیاسییە پێشتریش چەندین جار لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە بانگێشت کرابوو و خرابووە ژێر لێپرسینەوە.