لە ڕۆژی ڕابردووەوە و لە درێژەی شەپۆلی نوێی بانگهێشت و دەستبەسەرکردنی چالاکانی کرێکاریی کورددا، لانیکەم ٥ چالاکی کرێکاری بە ناوەکانی هاجەر سەعیدی، ئێقباڵ شەعبانی، فەردین میرەکی، عیسا مورادی و ڕامین کەریمی لە لایەن بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنەوە بانگهێشت کراون.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ڕۆژی ڕابردوو ئێقباڵ شەعبانی و سەرلەبەیانیی ئەمڕۆیش هاجەر سەعیدی، عیسا مورادی، فەردین میرەکی و ڕامین کەریمی بە تەلەفۆن بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بانگهێشت کراون و بۆ ماوەی چەند کاتژمێر لێپرسینەوەیان لێ کراوە. شەپۆلی نوێی بانگهێشت و دەستبەسەرکردنی چالاکانی کرێکاریی کورد لە دوو حەفتە لەمەوپێشەوە دەستی پێ کردووە و تا ئێستایش درێژەی هەیە. لەم ماوەیەدا لانیکەم ٣ چالاکی کرێکاری دەستبەسەر کراون و هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە. خەبات شەکیبا، ڕێبوار عەبدوڵڵاهی و خەبات دێهدار بە ڕیز لە بەروارەکانی ٧، ١٠ و ١٩ی ڕێبەنداندا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری سنە دەستبەسەر کراون.

ئەم چالاکە کرێکاری و پیشەییانە لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین جار لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە بانگهێشت یان دەستبەسەر کراون یاخود حوکمی بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە.

هاجەر سەعیدی، چالاکی کرێکاری و مافەکانی ژنان، لە ڕەکەوتی ١٨ی جۆزەردانی ١٣٩٩دا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سنە دەستبەسەر و دوای ١٨ ڕۆژ بە دانانی کەفالەت ئازاد کرابوو. ناوبراو لە مانگی گەلاوێژی ١٣٩٩دا بە تۆمەتی «چالاکیی دژی ئاسایشی نەتەوەیی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبی کۆمۆنیستی ئێراندا (کۆمەڵە) و هەروەها بەشداریکردن لە گردبوونەوەی نایاساییدا و پێوەندی لەگەڵ چالاکە کرێکارییەکاندا حوکمی ٥ ساڵ زیندانی بۆ بڕایەوە کە بۆ ماوەی ٤ ساڵ هەڵپەسێردراوە. ئەم ژنەچالاکە لەو ماوە دیاریکراوەدا دەبێ هەر چوار مانگ جارێک خۆی بە ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بناسێنێت.

ئێقباڵ شەعبانی، چالاکی کرێکاری و پشکنەری سەندیکای نانەوایانی سنە، لە ڕێکەوتی ٢٩ی ڕێبەندانی ١٣٩٧دا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سنە دەستبەسەر و دوای ٢٥ ڕۆژ بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرابوو. ناوبراو لە جۆزەردانی ١٣٩٨دا لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنەوە بە تۆمەتی «هاوکاریکردنی حیزبە دژبەرەکان» حوکمی ساڵێک زیندانی هەڵپەسێردراو بۆ ماوەی سێ ساڵی بەسەردا سەپابوو.

فەردین میرەکییش لە ڕێکەوتی ١ی سەرماوەزی ١٣٩٣دا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سنە دەستبەسەر و دوای ٢ مانگ بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرابوو. ناوبراو دواتر لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنەوە بە تۆمەتی «چالاکیی دژی ئاسایشی نەتەوەیی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە کۆمیتەی هەماهەنگیکردن بۆ پێکهێنانی دامەزراوە کرێکارییەکاندا حوکمی ٩ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو.