تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ڕۆژی ڕابردوو دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی ڕێبوار عەبدوڵڵاهی و ئارش محەممەدی بە دانانی بارمتەی ١٥٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی ناوەندیی سنە ئازاد کراون.

ئەم دوو هاووڵاتییە لە ڕۆژانی ڕابردوودا و پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەی ئیداری ئیتلاعاتی سنەوە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە کرابوون.

ئارش محەممەدی، کرێکاری خەڵکی سنە، لە ڕێکەوتی ٢٨ی بەفرانباردا و دوای گەڕانەوە لە هەرێمی کوردستان لە خاڵی سنووریی «باشماخ»ی مەریوان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا. هەروەها ڕێبوار عەبدوڵڵاهی، چالاکی کرێکاری و ئەندامی پێشووی کۆمیتەی هەماهەنگی بۆ پێکهێنانی دامەزراوە کرێکارییەکان، لە ڕێکەوتی ١٠ی ڕێبەندان و لە کاتی چوونەدەرەوەدا لە ماڵەکەی خۆی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و گواسترایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیداری ئیتلاعاتی سنە.

لەسەر ئەو تۆمەتانەی ڕووبەڕووی ئەم کەسانە کراوەتەوە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.