ڕۆژی ڕابردوو ٨ی گەلاوێژ (٣٠ی جولای) ژمارەیەک لە هاووڵاتیانی خوازیاری هەلی کار لە گوندی «ئاق‌دەرەی ناوەڕاست» لە بەردەم کانزای ئەم گوندەدا کۆ بوونەوە کە لە لایەن هێزەکانی پۆلیسەوە بە قورسی سەرکوت کران. لە ڕەوتی دەسڕێژ و تەقەی هێزەکانی پۆلیسی ئینتیزامیدا لانیکەم سێ هاووڵاتی بە ناوەکانی ئارمین نیکزاد، ناسر بەهرامیان و حوجەت موئمینزادە بریندار بوون و ڕەوانەی ناوەندە پزیشکییەکانی زەنجان و ورمێ کراون.

لە درێژەی سەرکوتکردنی هاووڵاتیانی ناڕازیدا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ٩ی گەلاوێژ (٣١ی جولای) کاروانێکی پۆلیسی ئینتیزامیی شاری تیکاب هێرشیان کردە سەر گوندەکە و وێڕای لێدان و ئەشکەنجەی هاووڵاتیان، بە دەیان کەس لە دانیشتوانی ئەم گوندەیان دەستبەسەر کرد.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە لە یەک ساڵی ڕابردوودا چەندین بەرپرسی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا بەڵێنیان بە دانیشتوانی گوندی ئاق‌دەرەی ناوەڕاست دابوو کە بەپێی بڕیارە پەسەندکراوەکان ژمارەیەک لە کرێکارانی خەڵکی خودی ناوچەکە لە کانزای زێڕی ئەم گوندەدا دادەمەزرێنرێن، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێک بۆ ئەم کارە هەڵنەگیراوە. ڕۆژی ڕابردوو ژمارەیەک لە دانیشتوانی گوندەکە لە بەردەم کانزاکەدا گردبوونەوەی ناڕەزاییانەیان ڕێک خست و داوای جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی بەرپرسانی پارێزگاکەیان کرد، بەڵام هێزەکانی پۆلیس دەستێوەردانیان تێدا کرد و پەنایان بردە بەر توندوتیژی. لە ڕەوتی دەسڕێژ و تەقەی هێزەکانی پۆلیسی ئینتیزامیدا لانیکەم ٣ هاووڵاتی بە ناوەکانی ئارمین نیکزاد، ناسر بەهرامیان و حوجەت موئمینزادە بریندار بوون و ڕەوانەی ناوەندە پزیشکییەکانی زەنجان و ورمێ کران.

هەواڵنێریی کوردپرێس کە سەر بە دامودەزگا دەوڵەتییەکانە، سەبارەت بە سەرکوتکردنی ئەم گردبوونەوەیە نووسیویەتی: «بەرپرسانی ئەم کانزایە بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو و سەرەڕای داهاتی فراوانی کانزاکە، هیچ گرنگایەتییەکیان بە داواکارییەکانی خەڵکی ناوچەکە نەداوە و ئامادە نەبوون تەنانەت داخوازییە لانیکەمی و سادەکانیشیان جێبەجێ بکەن. لە ئەنجامی ئەم پشتگوێخستنە بەردەوامەدا ئاوا رووداوگەلێک دەقەومێت، بە چەشنێک کە پۆلیسی ئینتیزامی ناچار دەبێت بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایش دەستێوەردان بکات. بە وتەی شایەتحاڵە خۆجێییەکان، بە ناوبژیگەریی داواکاری گشتی وا بڕیار بووە بەرپرسانی کانزای بەردی ئاق‌دەرەی شاری تیک کرێکارانی خەڵکی ناوچەکە لە کانزاکەدا دابمەزرێنن، بەڵام بەڵێنەکەیان پشتگوێ خستووە و ئامادە نەبوون کرێکارانی خەڵکی ئەو گوندە دابمەزرێنن و تەنانەت هەندێ لە کرێکارانی پێشوویشیان لە کار دەر کردووە».

لە درێژەی سەرکوتکردنی هاووڵاتیانی خوازیاری هەلی کاردا لە گوندی ئاق‌دەرەی ناوەڕاست، بەرەبەیانی ئەمڕۆ کاروانێکی پۆلیسی ئینتیزامیی شاری تیکاب هێرشیان کردووەتە سەر گوندەکە و وێڕای لێدان و ئەشکەنجەی هاووڵاتیان، بەبێ مۆڵەتی یاسایی بە دەیان کەس لە دانیشتوانی ئەم گوندەیان دەستبەسەر کردووە. ناسنامەی هەندێ لە هاووڵاتیانی دەستبەسەرکراو: خەلیل ئافتابی، ئیسماعیل تەیمووری، جەمال ئێجلالی، ڕامین تەیمووری، زاهید بەهرام‌نژاد، ئەحمەد ئافتابی، عەبدوڵڵا ئافتابی، زەکەریا یارئەحمەدی، فەرهاد ئەنووشه، خزر بەهرامیان، پەیام بەهرامیان، عەبدوڵڵا خەسرەوی، کامیل خەسرەوی، خالید موئمینی، عەلی موئمینی، عارف موئمینی، مزەفەر پەرمووده و منداڵەکەی، محەممەد خەسرەوی، عادل خەسرەوی، مێهران خەسرەوی، ئیسماعیل مۆمی‌زاده‌، عەلی مۆمی‌زاده و ئەسغەر یارئەحمەدی.

بنەماڵەی دەستبەسەرکراوانی ئەم گوندە لە چەند کاتژمێرێک لەمەوپێشەوە لە بەردەم بنکەی پۆلیس (کەلانتەری)ی شاری تیکاب گرد بوونەتەوە و داوای ئازادکردنی خێرا و بێمەرجی دەستبەسەرکراوان دەکەن.

ئەمیر چەمەنی، چالاکی مەدەنی، پێشتر و لە جۆزەردانی ١٣٩٦دا (٢٠١٧)، بە بڵاوکردنەوەی یادداشتێک لە ڕادیۆ زەمانەدا باسی لە سەرکوتکردنی گردبوونەوەی ناڕەزاییانەی هاووڵاتیان و سەپاندنی سزای بەندکران بەسەر ژمارەیەک لە کرێکارانی دەرکراوی کانزای ئەم گوندەدا کردبوو. لە رێکەوتی ٢٥ی جۆزەردانی ١٣٩٦دا (١٥ی ژوەنی ٢٠١٧) ژمارەیەک لە دانیشتوانی گوندەکانی ئاق‌دەرەی سەروو، ناوەڕاست، خواروو و ئەنگورد وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست ڕێژەی بەرچاوی بێکاریی خەڵکی ناوچەکەدا کە دوای کاولکردنی لەوەڕگەکان و داڕووخانی زەمینەکانی کار و کەسابەت داوایان دەکرد لە کانزاکەدا دابمەزرێنرێن، هەروەها بە جەختکردن لەسەر ئەو ڕاستییە کە کانزاکە دەکەوێتە نێوان لەوەڕگەی ئەو گوندانەوە و زۆربەی کرێکارەکانی خەڵکی ناخۆجێیین و تەنها چەند کەسێکی خەڵکی گوندەکان بەپێی گرێبەستی وەرزانە و بەبێ پارێزراویی هەلی کاریان لەو کانزایەدا کار دەکەن، لە بەردەم کارگەکەدا گرد بوونەوە. لەسەر داوا و شکاتی بەرپرسانی کانزاکە، ئەم گردبوونەوەیە کەوتە بەر سەرکوتی قورسی هێزەکانی پۆلیسەوە و ١٣ کەس بریندار بوون.