تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ئەمڕۆ پێنجشەممە ٥ی ڕەشەمە، شەعبان محەممەدی، ئەندامی سەندیکای مامۆستایانی کوردستان-مەریوان، دوای ٢٥ ڕۆژ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی مەریوان ئازاد کراوە.

ئەم چالاکە پیشەییەی مامۆستایان لە ڕێکەوتی ١١ی ڕێبەنداندا هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی دووهەم ڕۆژی مانگرتنی مامۆستایاندا، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆی لە شاری مەریوان دەستبەسەر کرابوو. دوابەدوای دەستبەسەرکردنی ناوبراو، لە ڕێکەوتی ١٧ی ڕێبەنداندا کۆمەڵێک لە مامۆستایانی مەریوان بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست بەردەوامێتیی دەستبەسەربوونی شەعبان محەمەدیدا لە بەردەم فەرمانداری (قایممقامییەت)ی مەریوان گرد بوونەوە.
لە ڕێکەوتی ١٩ی ڕێبەنداندا لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوانەوە بە بنەماڵەکەی ڕاگەیەنرا کە شەعبان محەممەدی گوازراوەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە. بەردەوامبوونی ئەم دۆخە و پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان لە ئاست دەستبەسەرکردنی ئەم چالاکە پیشەییەدا بووە هۆی ئەوەی لە ڕێکەوتی ٢٨ی ڕێبەنداندا ژمارەیەک لە چالاکانی پیشەیی مامۆستایان لە شارە جیاوازەکانی ئێرانەوە بە مەبەستی بەدواداچوونی دۆخەکە و دیدارکردن لەگەڵ بنەماڵەیدا بەرەو مەریوان بەڕێ بکەون، بەڵام هێزە ئەمنییەکان ڕێگرییان لەم کەسانە کرد. هێزە ئەمنییە جێگیرکراوەکان لە دەروازەکانی چوونەژوورەوەدا بۆ مەریوان، ژمارەیەک لە چالاکانی پیشەیی مامۆستایانیان، لەوانە محەممەد حەبیبی، جەعفەر ئیبراهیمی، تاهیر قادرزادە، محەممەد فەتاحی و سەلاح سورخی، ناچار کرد لەژێر چاودێری و بە یاوەریی خۆیان مەریوان بەجێ بهێڵن.

شەعبان محەممەدی ڕۆژی سێشەممە ٣ی ڕەشەمە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە گوازرابوویەوە بۆ زیندانی مەریوان.