دوابەدوای هێرشکردنی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر نووستنگە (بەشی ناوخۆیی)ی خوێندکاران و مانگرتنی خوێندکاران لە ڕێکەوتی ٧ی گەڵاڕێزاندا (٢٩ی ئۆکتۆبر) سەرجەم پۆلەکانی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کوردستان بە نیشانەی ڕاگەیاندنی ناڕەزایەتی داخراوە و خوێندکاران و مامۆستایان ئامادە نین بچنەوە بۆ زانکۆ. خوێندکارەکان داوای دابینکردنی ئاسایش بۆ خوێندکاران، قەدەغەکردنی ئامادەبوونی هێزە ئەمنییەکان لە ناوەندەکانی خوێندندا و قەرەبووکردنەوەی زیانی ئۆتۆمبێلی خوێندکاران کە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە شکێنراون، دەکەن.

چالاکێکی خوێندکاریی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کوردستان وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «لە ڕۆژی شەممە ٧ی گەڵاڕێزانەوە (٢٩ی ئۆکتۆبر) ئەم زانکۆیە لە مانگرتنی گشتیدایە و لەم ماوەیەدا بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعات لانیکەم ٥٠ خوێندکاری ئەم زانکۆیەی بانگهێشت کردووە. ژمارەیەک لەو خوێندکارانەی لە ڕۆژانی ڕابردوودا سەردانی بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتیان کردووە دوای چەند کاتژمێر لێپرسینەوە، بۆ ئەوەی کۆتایی بە مانگرتنەکەیان بهێنن خراونەتە ژێر هەڕەشە و گوشارەوە».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، لە درێژەی ئەم گوشارانەدا لیژنەی یاسایی (کۆمیتەی ئینزیباتی)ی زانکۆکەیش لەڕێی تەلەفۆنەوە هەڕەشەی هەلپەساردنی خوێندنی لە ژمارەیەک لە خوێندکارەکان کردووە.

ئەم سەرچاوەیە لە کۆتاییدا زیادی کرد: «لە چەند حەفتەی ڕابردوودا بەرپرسایەتیی بەشی پاراستنی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کوردستان دراوەتە کەسێکی تر بە ناوی هودایی و گوشار و هەڕەشەی سەر خوێندکارانی زانکۆی زانستە پزیشکییەکان بە هەماهەنگیی ئەم کەسەوە ئەنجام دەدرێت. هەروەها لەم ماوەیەدا لانیکەم ٣ خوێندکاری ئەم زانکۆیە لە لایەن لیژنەی یاساییەوە بۆ ماوەی یەک تێرم (قۆناغ) لە خوێندن دابڕێنراون».

ڕۆژی شەممە ٧ی گەڵاڕێزان (٢٩ی ئۆکتۆبر) ژمارەیەک لە نوێنەرانی خوێنکارانی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کوردستان لە دووتوێی بەیاننامەیەکی حەوت بڕگەییدا ڕایانگەیاند وەک ناڕەزایی لە بەرانبەر ئەو حەوت خاڵەدا تا کاتێکی نادیار سەرجەم چالاکییەکانی زانکۆ، لە پۆلی دەرسەوە تا ڕاهێنان، بەتەواوی بایکۆت دەکەن:

١. سووکایەتیکردنی هێزەکانی پۆلیس بە جلوبەرگی پزیشکی لە گردبوونەوەی پزیشکان لە بەردەم بینای ڕێکخراوەی سیستەمی پزیشکیدا

٢. کوشتن و دەستبەسەرکردنی هاوکارانمان

٣. پێشێلکردنی یاسای پزیشکیی یەکسان بۆ هەمووان

٤. هێرشی سەربازی بۆ سەر نووستنگەکانی (بەشی ناوخۆیی) ٢٢ی گوڵان و فاتمییەی ٣ و وەرمەقانی

٥. تەقاندنی گوللە و گازی فرمێسکڕێژ بۆ ناو زانکۆ

٦. دابیننەکردنی ئاسایش و ئەمنییەت بۆ خوێندکارانی خەڵکی شوێنەکانی تر

٧. پشتگوێخستنی بەڵێنی بەرپرسانی زانکۆ بۆ پاراستنی ئاسایش و ئەمنییەتی خوێندکاران