به‌پێی زانیارییه‌كانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی كوردستان، کۆنسوولخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئێستانبول دەستی بەسەر پاسپۆرتی فەرزانە جەلالیدا گرت. فەرزانە جەلالی ژنەچالاکی کوردە و ئێستە نیشتەجێی یەکێک لە شارەکانی تورکیایە.
فەرزانە جەلالی سەبارەت بەم ڕووداوە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی كوردستانی وت: «ڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژ بۆ تازەکردنەوەی پاسپۆرتەکەم سەردانی کۆنسوولخانەی ئێرانم لە ئێستانبول کرد، دوای ئەوەی بەڵگەکانم پێ دان، پیاوێک کە دەیوت خەڵکی نەغەدەم و بە زمانی کوردیی سۆرانی قسەی دەکرد، لە هۆڵێکی دیکەدا بۆ ماوەی ٥ خولەک لێپرسینەوەی لێ کردم. هەندێ پرسیاری لێ کردم وەک ئەوەی کە بۆچی لە تورکیام و چۆن ڤیزایەکم هەیە. دواجار داوای لێ کردم پارەی پۆستکردنەکە بدەم و چاوەڕێ بم تا پاسپۆرتە تازەکەم بە پۆستدا بۆ دەنێرنەوە».
ئەم ژنە چالاکە کوردە دوابەدوای دەستبەسەربوون لە ڕەشەمەی ١٣٩٥دا و پاشان گوشارەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ هاوکاریکردنی لەگەڵ ئەم ڕێکخراوە ئەمنییەدا، دوو ساڵ لەمەوپێش بە ناچاری ئێرانی بەجێ هێشت و لەو کاتەوە تا ئێستا دانیشتووی شاری ئێستانبولی تورکیایە. ناوبراو بەم دواییە لە زانکۆی بوغازچیی تورکیاوە مۆڵەتی خوێندنی لە ماستەردا وەرگرتبوو و دەیهەویست ڤیزا تووریستییەکەی بگۆڕێت بۆ ڤیزای خوێندن.
فەرزانە جەلالی سەبارەت بە دەستبەسەرداگرتنی پاسپۆرتەکەی لە لایەن کۆنسوولخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئێستانبولەوە دەڵێت: «دوای سەردانکردنی کۆنسوولخانەی و ڕادەستکردنی بەڵگەنامەکانم بۆ تازەکردنەوەی پاسپۆرتەکەم، ڕۆژی ٢ی خەرمانان لە لایەن کۆنسوولخانەوە پێوەندیم پێوە گیرا و وتیان کە پۆستچییەکە نەیتوانیوە ناونیشانی ماڵەکەت بدۆزێتەوە و هەر بۆیە پاسپۆرتەکەت گەڕاوەتەوە بۆ کۆنسوولخانە. سەرەڕای ئەوەی دڵنیا بووم کە ئاوا شتێک نامومکینە، ڕۆژی سێشەممە ٤ی خەرمانان سەردانی کۆنسوولخانە کرد و ئەم جارە لە لایەن کارمەندێکی دیکەوە بۆ ماوەی کاتژمێرێک بە زمانی فارسی لێپرسینەوەم لێ کرا. ئەم کارمەندە وتی پاش داواکارییەکەی من بۆ تازەکردنەوەی پاسپۆرتەکەم زانیارییان بەردەست کەوتووە کە دۆسیەیەکی کراوە و حوکمێکی زیندانیبوونم هەیە. ئەو لەسەر چالاکییەکانم و تۆمەتەکانم پرسیاری لێ کردم و باسەکەی بەرەو ڕووداوەکانی ساڵی ٨٨ و بەفرانباری ٩٦ برد و دواجار لەسەر پێوەندیم لەگەڵ حیزبە کوردییەکاندا پرسیاری لێ کردم. لە کۆتاییدا پێیان وتم کە لە ئێرانەوە دەستوور دراوە دەست بەسەر پاسپۆرتەکەتدا بگیرێت».
ئەمە لە حاڵێکدایە کە مۆڵەتی یاسایی مانەوەی ئەم ژنە چالاکە کوردە لە تورکیادا تەنیا ١٠ ڕۆژی ماوە و چونکوو مۆڵەتی ناونووسی لە زانکۆشدا کۆتایی هاتووە، ئەگەری دەستبەسەرکردنی لە لایەن پۆلیسی تورکیاوە و تەنانەت مەترسیی دیپۆرتکردنەوەیشی لە ئارادایە.
لەم یەک ساڵەی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان و چالاکانی ئێرانی کە لە تورکیا پەنابەر بوون، لە لایەن پۆلیسی ئەم وڵاتەوە دەستگیر و ڕادەستی ئێران کراونەتەوە. هەندێ لەو کەسانە ئێستا لە زیندانەکانی ئێراندان و لەبەر چالاکییە سیاسییەکانیان حوکمی زیندانیان بە سەردا سەپاوە، تەنانەت لە یەکێک لەم نموونانەدا لەبەر بەشداریکردن لە ڕووداوەکانی ڕەزبەری ٩٨دا حوکمی لەسێدارەدان دەرچووە.
فەرزانە جەلالی ٥ی ڕەشەمەی ١٣٩٥ لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشانەوە دەستبەسەر کرا و دوای ١٧ ڕۆژ مانەوە لە دەستبەسەرگەی ئەم ڕێکخراوە ئەمنییەدا، گواسترایەوە بۆ بەندی ژنانی زیندانی کرماشان لە کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی ئەم شارە. ئەم ژنەچالاکە ٢٢ی ڕەشەمەی هەمان ساڵ بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرا.
فەرزانە جەلالی دەرچووی لقی ئانترۆپۆلۆژیی زانکۆی تاران، ئەندامی پێشووی ئەنجومەن ئیسلامی و بەرپرسی پێشووی ڕۆژنامەی «صبح»ی ئەم زانکۆیە بوو. ناوبراو سەرەڕای ئەوەی لە تاقیکارییەکانی ماستەری زانکۆ لە ساڵی ١٣٩٨دا پلەی ٦ی بەدەست هێنابوو، لەبەر چالاکییە خوێندکارییەکانی لە درێژەپێدانی خوێندن بێبەش کراوە.