وریشە مورادی بە کۆدی ڕێکخراوەیی «جوانا سنە»، لە ئەندامانی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) کە نزیکەی ٤ مانگ و نیو لەمەوپێش لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سنە دەستبەسەر کرا، تا ئێستایش لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینی تاراندا ڕاگیراوە. ئەم ژنە چالاکە کوردە بە درێژایی ئەم ماوەیە تەنها یەک جار توانیویەتی دیدارێکی کورت لەگەڵ بنەماڵەکەیدا بکات، بەڵام تا ئێستا لە مافی بەهرەمەندبوون لە پارێزەری یاسایی بێبەش کراوە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ئەم ئەندامەی کەژار دوای دەستبەسەرکران براوەتە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و نزیکەی ٢ حەفتە بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ لە لایەن لێپرسەوە ئەمنییەکانەوە خراوەتە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونییەوە.

وریشە مورادی لە کۆتایی گەلاوێژدا (ئاگۆست) لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە ڕەوانەی بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینی تاران کرا. ئەم چالاکە سیاسییە دوای ٤ مانگ دەستبەسەربوون توانیویەتی دیدارێکی کورت لەگەڵ بنەماڵەکەیدا بکات، بەڵام لەبەر ڕێگریکردنی وەزارەتی ئیتلاعات لە مافی بەهرەمەندبوون لە پارێزەری یاسایی بێبەش کراوە.

ماڵپەڕی «بێتاوان» کە سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی گەڵاڕێزان (٨ی نۆڤامبەر) هەواڵی دەستبەسەرکردنی ٣ کەسی بڵاو کردبووەوە کە یەکیان وریشە مورادی بوو. ئەم ماڵپەڕە ئەمنییە بەبێ ئاماژەکردن بە بەرواری دەستبەسەرکردنیان، ڕایگەیاندبوو کە ئەم کەسانە ئەندامی «پژاک» بوون.

کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕۆژی ٤ی ڕەزبەر (٢٦ی سێپتامبەر) بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک هەواڵی دەستبەسەرکردنی ئەم ئەندامەی خۆیی لە کاتی ئەنجامدانی چالاکیی «سیاسی و ڕێکخستنی ژنان» لە کوردستاندا ڕاگەیاندبوو و داوای لە ڕێکخراوە جیهانییەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ کردبوو لە ئاست «بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ» و «سیناریۆسازیی دامودەزگا ئەمنییەکان»دا دژ بەم چالاکە سیاسییە بێدەنگ نەبن.

وریشە مورادی بە کۆدی ڕێکخراوەیی «جوانا سنە»، لە ئەندامانی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار)، ڕۆژی ١٠ی گەلاوێژ (١ی ئاگۆست) لە دەروازەی شاری سنەدا و پاش دەسڕێژی هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە ئۆتۆمبێلێک کە ئەو سەرنشینی بوو، دەستبەسەر کرا.