له ڕۆژانی ڕابردوودا هه‌واڵی كوشتنی ژنێكی خه‌ڵكی سنه به ده‌ستی براكانی له میدیا كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بڵاو بووەته‌وه،
به‌پێی زانیارییه‌كانی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، ئه‌م ژنه كه ناوی “سه‌رگوڵ حه‌بیبی”یه، ڕۆژی شه‌ممه ٨ی سه‌رماوه‌ز له‌گه‌ڵ پیاوێكدا لە لایەن هێزی ئینتزامییەوە له شاری سنه ده‌ستبه‌سه‌ر کرابوو و دوای ئاگاداركردنه‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌كه‌ی، ڕاده‌ستی براكانی کرابوویه‌وه. به‌رپرسانی ئینتزامی به‌بێ ئه‌وه‌ی بیر له‌وه بكه‌نه‌وه كه له‌وانه‌یه ئه‌م ژنه ڕووبه‌ڕووی مەترسی بێته‌وه، ڕاده‌ستی براكانیان کردبۆوە. به‌ڵام سه‌رگوڵ ڕۆژی دوایی به ده‌ستی براكانی به چه‌قۆ ده‌كوژرێت. ته‌رمی ئه‌م ژنه گه‌نجه لە حاڵێکدا بە خاک سپێرراوە کە هیچ ڕێوڕەسمێکی باوی ناو کۆمەڵگای بۆ به‌ڕێوه نەچووە.
سه‌رگوڵ حه‌بیبی، ته‌مه‌ن ٣١ ساڵ، خێزاندار و دایكی دوو منداڵ بووه، ده‌وترێ هه‌ر دوو برای ناوبراو دوای ئه‌وه‌ی سه‌رگوڵ ئه‌كوژن، چوونەتە بنکەی پۆلیس یان كهلانتهریی گه‌ڕه‌ك و خۆیان ڕادەستی پۆلیس کردووە.
فاتمه كه‌ریمی، به‌رپرسی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، سەبارەت بە كوشتنی سه‌رگوڵ حه‌بیبی ده‌ڵێت: «له لایه‌كه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ركردنی كوژراوه‌كه له‌گه‌ڵ پیاوێكی خێزاندار كه ده‌وترێ پێکەوە پێوه‌ندییان بووه، هه‌ستیاریی زیاتری خستۆته سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه و بۆته هۆی ئه‌وه‌ی براكانی كوژراوه‌كه زیاتر سوور بن له سه‌ر جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه‌یان، له لایه‌كی دیكه‌وه براكانی كوژراوه‌كه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه ئه‌یانزانی له به‌رانبه‌ر قهتڵێكدا كه بڕیاره ئه‌نجامی بده‌ن سزایه‌كی قورسیان به سه‌ردا ناسه‌پێت، خۆیان ڕادەستی هێزی ئینتزامی کردووە».
له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه ئه‌مە هه‌شته‌مین ژنه كه له ناوچه جۆراوجۆره‌كانی كوردستان به ده‌ستی ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌کەی ده‌كوژرێت. به‌پێی زانیارییه باوەڕپێكراوهكانی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، لانیكه‌م دوو نموونه له‌م قه‌تڵانه به بیانووی نامووسه‌وه ڕووی داوه.
به‌رپرسی تۆری مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان له‌م باره‌وه ده‌ڵێت: «كوشتنی ژنان به ناوی شه‌ره‌ف و نامووسەوە له‌م ناوچه‌یە، به داخه‌وه یه‌كێكە له‌و ڕێگانه‌ی هەندێ له بنه‌ماڵه‌كان دەیگرنە بەر و پێیان وایە به‌م كاره شه‌ره‌ف و نامووسی دۆڕاوی خۆیان و ده‌وروبه‌ره‌كانیان ده‌پارێزن».
ئه‌م لێكۆڵه‌ره‌ی مافی ژنان له سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌یه كه له شاره بچووكه‌كان و گونده‌كانی ناوچه جۆرواجۆره‌كانی كوردستان که زۆربه‌ی خه‌ڵك یه‌كتر ده‌ناسن، هه‌ر جۆره هه‌ڵسوكه‌وتێك له ده‌ره‌وه‌ی نۆرمی ئهخلاقییەوە ده‌توانێت سزای قورسی بۆ تاكه‌كان و به تایبه‌ت بۆ ژنان بەدواوە بێت.
به وته‌ی ناوبراو «ڕوودانی ئه‌م جۆره كوشتنانه له بارودۆخێكدا كه خودی یاساكان و بەڕێوەبەرانی یاسا به شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ خه‌ریكی پشتیوانیكردن و هاندانی هه‌ڵسوكه‌وتی توندوتیژئامێزن، به تایبه‌ت له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ توندوتیژی دژی ژنان و کوشتنی نامووسیدا، شتێکی سەیر و دوور له چاوه‌ڕوانی نییه. خودی ئه‌م کوشتنانە بەڵگهیهكی ئاشكرایه بۆ سەلماندنی دەوری یاساکان و نۆرمە پیاوسالارانەکان لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی کوشتنی نامووسی له ئێران‌دا به شێوه‌ی گستی و له كوردستاندا به تایبه‌تی».