ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردوو تەرمی سۆنیا (فریشتە) دێهقان لە لایەن ئەندامانی بنەماڵەی دایکیەوە لە شارۆچکەی «نەلاس»ی شاری سەردەشت ئەسپەردە کرا. ئەم ژنە لاوە ١٠ ڕۆژ لەمەوبەر بە دەستی برا و ئامۆزاکەی کوژرابوو

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە سەردەشت سەبارەت بەم ڕووداوە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «سۆنیا دێهقان، ٢٤ ساڵان، ماوەیەک لەمەوبەر لە هاوسەرەی دووهەمی جیا ببۆوە و لەگەڵ منداڵە ٦ ساڵەکەی لە ماڵە کۆنەکەی باپیر و دایەگەورەی لە سەردەشت دەژیا. براکەی و کوڕێکی ئامۆزای لە ڕێکەوتی ٢٤ی سەرماوەز(١٣ی ژانویە) و لە حاڵێکدا کە ناوبراو لە ئارایشگایەکدا خەریکی کار بوو، بە بیانوویەکەوە دەیبەنەوە بۆ ماڵەوە و لەوێ دوای ئەشکەنجەدان بە چەقۆ دەیکوژن».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، باوک و دایکی سۆنیا چەندین ساڵ لەمەوپێش لێک جیا ببوونەوە، دایکی سوونیا دوای ئەوەی ناتوانێ هیچ هەواڵێک لە منداڵەکەی بەدەست بهێنێت، داوای یاسایی لەسەر بنەماڵەی باوکی سوونیا تۆمار دەکات و دوابەدوای ئەوە برا ١٩ ساڵەکەی و کوڕێکی ئامۆزای لە لایەن پۆلیسی ئاگاهیی سەردەشتەوە دەستبەسەر دەکرێن و دان بە کوشتنی سوونیا و بەخاکسپاردنی لە تەنیشت بەنداوی سەردەشتدا دەنێن».

لە ڕاپۆرتی پزیشکیی یاساییدا ئاسەواری لێدان و ئەشکەنجەی پێش کوشتن لەسەر جەستەی سوونیا پشتڕاست کراوەتەوە.

ئەگەرچی بنەماڵەی ئەم ژنە لاوە هێشتا هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەسەر هۆکاری ئەم کوشتنە ڕانەگەیاندووە، بەڵام بە وتەی هاوڕێیان و کەسانی نزیکی سوونیا، ناوبراو بە ناو و بە بیانووی “نامووس”ـەوە کوژراوە.