فه‌رزانه‌ جه‌لالی، ژنە چالاكوانی كورد کە دوای چوونەده‌ره‌وه‌ له‌ ئێران له‌ دوو ساڵ و نیوی ڕابردوودا لە توركیا ده‌ژی و له‌ مانگێك له‌مەوپێشه‌وه‌‌ وه‌كوو په‌ناخوازێک لەم وڵاتە دانیشتووە، ڕۆژی ١٠ی ڕێبه‌ندان لەبەر چالاكییەکانی له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا ئامادەی بەردەم‌ دادگای ئاناتۆلیی ئیستانبول (İstanbul Anadolu Adliyesi) بووە و موحاکەمە كراوە. 

دوترێ ئەم پەناخوازە کوردە لەبەر «بڵاوکردنەوەی دووبارەی هەندێ بابەت لە بەرژەوەندیی حیزبە کوردییەکان و دژی دەوڵەتی تورکیا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا» دادگایی کراوە. دادوەرەکە لە کۆتایی دانیشتنی لێکۆڵینەوە لەو تۆمەتانەدا، چوونەدەرەوەی خانمی جەلالیی لە وڵاتی تورکیا قەدەغە کردووە و وتوویەتی ئەبێ تا کاتێک کە دادگا دوابڕیاری خۆی وەردەگرێت هەر حەفتە خۆی بە پۆلیسی خۆجێیی بناسێنێت.

فەرزانە جەلالی دوای ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، وتی: «جۆزەردانی ئەمساڵ کەسێک کە ئیدیعای کردووە من دەناسێ، ئیمێڵێکی بۆ پۆلیسی شاری دەنیزلی ناردووە. لەم ئیمێڵەدا من وەک ڕۆژنامەوانێکی کورد ناسێنراوم کە لە دونیای ئینتەرنێتدا پشتیوانی لە حیزبە کوردییەکان دەکەم و بابەتیشم دژ بە دەوڵەتی تورکیا بڵاو کردۆتەوە. لەسەر ئەم بنەمایە پۆلیسی تورکیا تیمێکی لێکۆڵینەوەی پێک هێناوە و هەندێ بەڵگەی لە لاپەڕەکانمەوە لە تویتەر و فەیس‌بوکدا کۆ کردۆتەوە کە بە باوەڕی ئەوان ئەم ئیدیعایە دەسەلمێنێت. ئەمە لە حاڵێکدایە کە هیچ‌کام لەو بابەتانە لە لایەن خودی منەوە نەنووسراون و من تەنیا لایکم کردوون یاخود سەرلەنوێ بڵاوم کردوونەتەوە».

بە وتەی ئەم ژنە چالاکە کوردە، پۆلیسی دەنیزلی دۆسیەکەی ناردۆتە ئیستانبول کە شوێنی نیشتەجێبوونی ئەوە و پۆلیسی ئیستانبول لە خەرمانانی ئەمساڵدا بە مەبەستی دەستبەسەرکردنی چوونەتە سەر ئەو ماڵەی کە پێشتر شوێنی ژیانی بووە: «دوای بەدواداچوونەکانی پارێزەرەکەم و ئاگاداربوونەوە لە ناوەرۆکی دۆسیەکە، ئەمڕۆ لەگەڵ پارێزەرەکەم چوومە دادگای ئاناتۆلی و وەڵامی پرسیارەکانی داواکاری گشتیم دایەوە. داوکاری گشتی بەرگرینامەکەی منی ڕادەستی دادوەر کرد و دادوەرەکەیش بڕیاری دا تا کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوەکان و دوابڕیاری یاسایی، بۆم نییە لە تورکیا بچمە دەرەوە و دەبێ هەموو حەفتەیەک بچمە لای پۆلیسی خۆجێیی».

فەرزانە جەلالی پاش ماوەیەک دەستبەسەرکران لە ڕەشەمەی ١٣٩٥ و زەخت و گوشارەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ ئەم دەزگا ئەمنییەدا، دوو ساڵ لەمەوپێش بە ناچار ئێرانی بەجێ هێشت. ناوبراو لەو کاتەوە تا ئێستا نیشتەجێی شاری ئیستانبولی تورکیایە. دوای ئەوەی ئەم ژنە چالاکە لە گەلاوێژی ئەمساڵدا بە مەبەستی تازەکردنەوەی پەساپۆرتە ئێرانییەکەی سەردانی کۆنسوولگەریی ئێرانی کردبوو، کۆنسوولگەریی کۆماری ئیسلامی دەستی بەسەر پەساپۆرتەکەیدا گرت. خانمی جەلالی دوای ئەم ڕووداوە ناچار بوو لە تورکیا داوای پەنابەری و ڕۆیشتن بۆ وڵاتی سێهەم بکات.