بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ژنێکی ٥٠ ساڵان بە ناوی گوڵجەمین نەجەفی، خەڵکی گوندی «بانی‌بید»ی ناوچەی گاوارەی شاری داڵاهۆی پارێزگای کرماشان، لە ڕێکەوتی ١٩ی پووشپەڕدا (١٠ی جولای) بە دەستی هاوسەرەکەی کوژراوە.

کەسێکی نزیک لەم ژنە لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وتی: «گوڵجەمین نەجەفی، دایکی سێ منداڵ و لەدایکبووی ڕەزبەری ١٣٥٠ (ئۆکتۆبری ١٩٧١)، نزیکەی ٣٠ ساڵ لەمەوپێش لەگەڵ عەلی‌ئاغای ڕەزایی ژیانی هاوبەشی پێک هێنا. ناوبراو هەمیشە لەبەر ئەوەی لە ژیانی هاوبەشیدا سێ کچی بە دونیا هێناوە، لە لایەن هاوسەرەکەیەوە لۆمە دەکرا».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، لە ڕێکەوتی ١٨ی پووشپەڕدا (٩ی جولای) دوای گەڕانەوەی ئەم ژن و پیاوە لە کاری کشتوکاڵ و لەبەر کێشەی نەبوونی ئاو بۆ شتنی جلوبەرگەکان، خانمی نەجەفی کەوتۆتە بەر لێدانی هاوسەرەکەی. دراوسێکان کە بە مەبەستی ڕێگریکردن لە لێدانی ئەم ژنە چووبوونە ماڵەکەیان، دەڵێن خانمی نەجەفی دیسانەوە لەبەر ئەوەی منداڵی کوڕی نەبووە لە لایەن هاوسەرەکەیەوە لێی دراوە و سووکایەتیی پێ کراوە».

ئەم سەرچاوەیە لە درەژەدا زیادی کرد: «نزیک کاتژمێر ٦ی دەمەوبەیانی ڕۆژی ١٩ی پووشپەڕ (١٠ی جولای) ئەم ژن و پیاوە بە مەبەستی سەردانکردنی ماڵی باوکی خانمی نەجەفی لە ماڵ چوونەتە دەرەوە، بەڵام لە ڕێگادا سەرلەنوێ دەمەقاڵە لە نێوانیاندا ڕوو دەدات و ئاغای ڕەزایی شتێکی قورس بەسەر هاوسەرەکەیدا دەدات و دەیکوژێت، بەڵام بە مەبەستی سیناریۆسازی تەرمەکە دەگوێزێتەوە بۆ شوێنێکی تر و بە ئۆتۆمبێل بەسەر سەری تەرمەکەدا دەڕوات».

عەلی‌ئاغای ڕەزایی پاشان لەگەڵ پۆلیسدا پێوەندی دەگرێت و دەڵێ ڕووداوی هاتوچۆ ڕووی داوە، بەڵام دوای ئامادەبوونی پسپۆڕانی پۆلیسی هاتوچۆ دەردەکەوێت کە دیمەنی ڕووداوەکە دروستکراوە و تەرمی خانمی نەجەفی ڕادەستی پزیشکیی دادی شاری سەرپێڵ زەهاو دەکرێت. پزیشکیی داد دوای پشکنینی تەرمەکە ڕایگەیاندووە کە هۆکاری مردنەکە دەگەڕێتەوە بۆ بەرکەوتنی سەر لەگەڵ شتێکی قورسدا.

بنەماڵەی گوڵجەمین نەجەفی ڕۆژی ڕابردوو و دوابەدوای بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی سەرەخۆشی، داوای یاساییان لەسەر عەلی‌ئاغای ڕەزایی تۆمار کردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێک بۆ دەستبەسەرکردنی ناوبراو هەڵنەگیراوە.