پارێزەرانی بنەماڵەی ژینا (مەهسا) ئەمینی لە دووتوێی بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاندووە کە سەرەڕای بێوەڵاممانەوەی داواکارییەکانیان، ڕێگای بەدواداچوونی یاسایی و دادوەری درێژە پێ دەدەن.

بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، پارێزەرانی بنەماڵەی ژینا (مەهسا) ئەمینی وێڕای باسکردنی ئەم بابەتانە ڕایشیانگەیاندووە: داوا لە بەرپرسانی دەزگای دادوەری دەکەین داواکارییە بەردەوامەکانی ئێمە جێبەجێ بکەن کە سەبارەت بە ڕەتکردنەوەی بۆچوونی کۆمیسیۆنی پزیشکیی داد و داوای خستنە بەردەستی ئەسڵی دۆسیەکە بۆ خوێندنەوە و هەروەها لێکۆڵینەوە لە شایەتحاڵەکان پێشکەشمان کردوون.

پارێزەران لە ڕێکەوتی ٤ی ڕەزبەرەوە (٢٦ی سێپتامبر) پارێزەریی خۆیان لەسەر دۆسیەکە ڕاگەیاندووە و چەندین جار سەرپەرشتی دادسەرای کەتن و لێپرسەوەی تایبەتی کوشتن ڕایانگەیاندووە کە خاوەن خوێنەکان (ئەولیای دەم) مافی خۆیانە تانە لە بۆچوونی کۆمیسیۆنی پزیشکیی داد بدەن و لە کۆمیسیۆنێکی تردا لێکۆڵینەوە لە داواکەیان دەکرێت و پزیشکە جێمتمانەکانی ئەوانیش وەک ڕاوێژکار بانگ دەکرێن. هەر بۆیە پارێزەران دوای وەرگرتنی کۆپیی بۆچوونی کۆمیسیۆنەکە و پاش ڕاوێژکردن لەگەڵ پزیشکە خاوەنڕاکاندا، لە ڕێکەوتی ٢٧/٧/١٤٠١ (١٩/١٠/٢٠٢٢) لە دووتوێی نامەیەکدا بە شێوەیەکی بەڵگەمەند تانەیان دا لە بۆچوونی کۆمیسیۆنی پزیشکیی داد و بە پشتبەستن بە دوایین تاقیکاریی ڕژێنی ژینا لە ڕێکەوتی ٢٠/٥/١٤٠١دا (١١/٨/٢٠٢٢)، واتە مانگێک پێش ڕووداوەکە، وەڵامی «بەشی ئەلف»ی بۆچوونەکەیان داوەتەوە کە باس لە هۆکارە کاریگەرەکان لەسەر مەرگی ژینا دەکات. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ڕەوتی دەرمانی ژینا لەژێر چاودێریی پزیشکی پسپۆڕی ڕژێندا بووە، گومانەکەی ناو بۆچوونی کۆمیسیۆن لەمەڕ «ناتەواوبوونی دەرمان بە دەوا» ڕەت کراوەتەوە و هەر بۆیە بۆچوونی کۆمیسیۆنی پزیشکیی داد کە دەڵێت «… وا دیارە هۆکاری تێکچوونی کتوپڕی هۆشیاریی Faint و ئاریتمی و دابەزینی زەختی خوێن و دوابەدوای ئەمەیش وەستانی دڵ، دەگەڕێتەوە بۆ تێکچوونی کاری بەشی هیپۆتالاموس-هیپۆفیز و پاشان کەماسی لە کاری ڕژێنەکانی سەرووگورچیلەدا و بێتوانایی کەسەکە لە خۆگونجاندنی دروست لەگەڵ دۆخی نامۆدا و لێکەوتەکانی ئەمە بۆ دڵ-خوێنبەرە ئاریتمییەکان و زەختی خوێن کە لە ئەنجامی ئەم شتەدا پێش هاتووە» لە بنەڕەتدا ڕەت کراوەتەوە. پارێزەران ڕایانگەیاندووە کە بە لەبەرچاوگرتنی بۆچوونی پزیشکانی پسپۆڕی دڵ و خوێنبەر و مێشک و دەمارەکان و رژێنەکان و هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی ڕەوتی ڕێکوپێکی دەرمانی نەخۆشیی ڕژێنی ژینا، بە گشتی لەدەستچوونی هۆکارە ژیانبەخشەکان لە مەودای کەمتر لە کاتژمێرێکدا پاش دەستگیرکردنی ناوبراو لە لایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە، شتێکی نامومکین و مەحاڵە.

پارێزەران لە قسەکانیاندا جەختیان کردووەتەوە کە بۆچوونی کۆمیسیۆنی پزیشکی بە زۆری بە ئاڕاستەی ڕەتکردنەوەی ئەشکەنجە و لێدان یان هەر هۆکارێکی دەرەکیدایە. ئەم چەشنە بۆچوونە پزیشکییانە و هەر بۆچوونێکی دیکە بۆ دیاریکردنی ڕای پسپۆڕانە، بۆچوونێک نییە ڕەها و تەواو بێت و نەکرێ تانەی لێ بدرێت. پارێزەران هیوادارن جێگری داواکاری گشتیی تاران و لێپرسەوەی تایبەتی کوشتن بەڵێنەکانی خۆیان لەمەڕ قبووڵکردنی تانەکە جێبەجێ بکەن و بۆ لێکۆڵینەوەی دووبارە لە هۆکاری مردنی ژینا، دۆسیەکە بنێرنە بەردەم کۆمیسیۆنێکی تر کە ئەو پزیشکە خاوەنڕایانەی بنەماڵەی ژینا داوایان کردوون، لەو کۆمیسیۆنەدا ئامادە بن.

پارێزەران دیسانەوە پێداگری لەسەر داواکارییەکانی پێستری خۆیان دەکەن بۆ خوێندنەوەی ئەسڵی دۆسیەکە و لێکۆڵینەوە لەو چوار پۆلیسەی ناو ئۆتۆمبێلەکە وا ژینایان پێ بردووە و هەروەها لێکۆڵینەوە لە هەموو ئەو ژنانەی لەو کاتەدا دەستگیر کراون و بەو ئۆتۆمبێلە ڕەوانەی بنکەی پۆلیسی ئاسایشی ئەخلاقی کراون. هەروەها داوا دەکەن ئەو کەسانە لەگەڵ برا و کچەپووری ژینادا کە شایەتحاڵی ڕووداوەکە بوون دیدار و ڕووبەڕوو بکرێنەوە، هەروەها هەموو فیلمە تۆمارکراوەکان، لە ساتی دەستگیرکردنی ژیناوە تا ئەو کاتەی بە عەرزدا دەکەوێت، بخرێتە بەردەستی پارێزەران.

بە وتەی ئەم پارێزەرانە، لێکۆڵینەوەی سەرەتایی تەواو و بێکەموکورتی، چ لە قۆناغی دادسەرا و چ لەلای پۆلیس، بنەمای هەرجۆرە دادگایەکی دادپەروەرانەیە و تەنانەت ڕەنگە لێکۆڵینەوەی تەواو لە قۆناغی سەرەتاییدا لە لێکۆڵینەوەی دادگای یەکەم و دادگای تێهەڵچوونەوەیش گرنگتر بێت. ناتەواوبوون یا پشتگوێخستنی ئەم لێکۆڵینەوانە نەتەنها دژ بە دادگاییکردنی دادپەروەرانەیە، بەڵکوو دەتوانێت ڕەوتەکەیش بە لاڕێدا ببات و بێتە هۆی پێشێلبوونی مافی لایەنەکانی بابەتەکە و هەروەها وێناکردنی دەزگای دادوەری وەک دەزگایەکی فەشەل و ناکارامە.

پارێزەرانی دۆسیەکە ڕایانگەیاندووە، بەو پێیەی بۆچوونی پسپۆڕ لە هەر دۆسیەیەکدا هەمیشە لە بەردەم تاقیکرنەوە و هەڵەکردندایە و لە بۆچوونی کۆمیسیۆنی پێشوودا لە کۆی ئەو ١٩ پسپۆڕەی واژۆیان لەسەر بۆچوونەکە کردووە تەنها ٥ کەسیان لە پزیشکانی ئەندامی ڕێکخراوەی پزیشکیی دادن، بانگهێشتکردنی ئەو پزیشکە ناودارانەی بنەماڵەی ژینا وتوویانە و هەموویان لە سیما زۆر بەرجەستەکانی کۆمەڵگای پزیشکیی ئێرانن لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتدا، نە گرفتێک بۆ ڕەوتی دەرکردنی بۆچوونی نوێی پزیشکی دروست دەکات و نە کارێکی نایاساییشە. لەبەر ئەوەی پارێزەران و بنەماڵەی ژینا شارەزای بابەتە تایبەتە پزیشکییەکان نیین و بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەیش کە دۆسیەی ژینا ئێستە بووەتە دۆسیەیەکی نیشتمانی، قبووڵکردنی داواکاریی دایک و باوکی داخداری ژینا دەتوانێت نیشاندەری سەربەخۆیی دەزگای دادوەری و بێلایەنبوونی لە باسوخواس و مشتومڕە سیاسییەکاندا بێت. ئاشکرایە هەرچەشنە پێداگرییەکی بەرپرسانی دەزگای دادوەری و پۆلیس لەسەر دروستبوونی بۆچوونەکانی پێشوو و ئەو گێڕانەوە فەرمییەی لەسەر ئەم ڕووداوە بڵاو کراوەتەوە، هەروەها ڕەتکردنەوەی داواکاریی بنەماڵەی ژینا، دەتوانێت کاریگەریی نەرێنی لەسەر ڕەوتی لێکۆڵینەوەی یاسایی دابنێت و شەفافییەتی دادوەری و متمانەسازیی گشتی بزر و پووچەڵ بکاتەوە. تەنها لەم ئاڕاستەیەدایە کە پارێزەرانی دۆسیەکە دەتوانن ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن و هەتا دەرکەوتنی دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەی تەواو، بەرگری لە هەڵسوکەوت و شێوازی کاری دەزگای دادوەری بکەن.

پارێزەرانی دۆسیەکە هیوادارن لەو کۆبوونەوەیەدا کە بڕیارە سەرەتای حەفتەی داهاتوو ببەسرێت، بەڵێنی پێشووی بەرپرسانی دەزگای دادوەری بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و دوای خوێندنەوەی تەواوی ئەسڵی دۆسیەکە، لێپرسەوەی دادسەرا لێکۆڵینەوەی پێویست لە هەموو ئەو کەسانە بکات کە داوا کراون و فیلم و ڕاپۆرتە پێوەندیدارەکانیش بخاتە بەردەستی پارێزەران.