ئەمڕۆ شەممە ٢٩ی ڕەزبەر (٢١ی ئۆکتۆبەر) خەڵاتی نێونەتەوەیی «دانیلە پۆ» بەخشرایە زەینەب بایەزیدی، چالاکی بزاڤی ژنان و زیندانیی سیاسیی پێشوو.

زەینەب بایەزیدی لە ڕێوڕەسمی پێشکەشکردنی خەڵاتەکەدا کە بە ئامادەبوونی کاربەدەستانی شار و پارێزگا و نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنیی شاری «پیڤە دی چەنتۆ»ی ئیتالیا بەڕێوە چوو، لە وتارێکدا وێڕای ڕێزگرتن لە خەبات و بەرخۆدانی زەینەب جەلالیان، کۆنترین و تاکە زیندانیی سیاسیی ژنی مەحکووم بە بەندکرانی هەتاهەتایی، خەڵاتەکەی خۆی پێشکەشی ئەم زیندانییە سیاسییە کرد.

لە ڕاگەیاندننامەیەکدا کە لە لایەن دامەزراوەی پێشکەشکاری خەڵاتەکەوە بڵاو کراوەتەوە، وتراوە: «بە پێشکەشکردنی خەڵاتی«دانیلە پۆ» بە زەینەب بایەزیدی، دەمانهەوێت بوێریی ژنانی بەرخۆدێر و پەرەپێدەری گۆڕان بەرز ڕابگرین، نەتەنها لە ئێران بەڵکوو لە هەموو ئەو وڵاتانەدا کە بەبایەخترین چاکەی مرۆیی واتە ئازادی لە مرۆڤەکان زەوت کراوە. هەڵبژاردنی زەینەب بایەزیدی وەکوو ژنێک و وەکوو کوردێک کە هەمیشە لە ژێر هەڵاواردن و سەرکوتدا بووە، نیشاندەری ئەو بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە کە ئێستە لە ئێراندا بوونی هەیە. بزاڤێکی بێسەرکردە، بەڵام نوێنەری خەڵکانی ماندوو لە ڕژێمێکی مەزهەبی و سەرکوتکار. دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی» کە لە هەموو خۆپیشاندانەکانی ئەم بزاڤەدا بە دەنگی بەرز وتراوەتەوە، وەکوو مانیفێستێک، خاڵی وەرچەرخانی مێژووییە بۆ هەرهەموو جیهان».

لەم ڕاگەیاندنەدا هەروەها وێڕای ڕێزگرتن لە خەبات و چالاکییەکانی زەینەب بایەزیدی کە بووە هۆی دەستبەسەرکردن، بەندکران و بەجێهێشتنی وڵاتەکەی، نووسراوە: «ئەو تەنانەت دوای بەجێهێشتنی ئێرانیش و بە جەختکردنی تایبەت لەسەر دۆخی ژنانی کورد لە ئێراندا کە بە هۆی کوردبوونەوە زیاتر دەکەونە بەر ئازار و سەرکوتەوە، وازی لە بەرپرسیارێتیی بوێرانەی خۆی بۆ گەشەپێدانی هۆشیاریی جیهانی نەهێناوە و درێژەی بە چالاکییەکانی داوە».

خەڵاتی نێونەتەوەیی «دانیله پۆ» (The International Award Daniele Po) ساڵی ٢٠٠٧ لە لایەن ئەلبێرگینی و فۆرتۆناتۆ پۆ، دامەزرێنەرانی ئەنجومەنی سەربەخۆی قازانجنەویستی  “Le Case degli Angeli di Daniele nel mondo”بە مەبەستی بەرزڕاگرتنی یادی کوڕەکەیان، دانیلە، دامەزراوە.

ئەم خەڵاتە هەموو ساڵ لە مانگی ئۆکتۆبەر و لە رێوڕەسمێکی فەرمیدا بە بەشداریی بەرپرسانی شار و پارێزگا و نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنیی شاری «پیڤە دی چەنتۆ»ی ئیتالیا دەبەخشرێتە ئەو کەسانەی کە داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ و خەبات بۆ گەشەپێدانی بەهای ئاشتیخوازانە دەکەن.

ئەم خەڵاتە تا ئێستا پێشکەش کراوە بە ژمارەیەک لە ژنانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ، لەوانە مەلالەی جوویا لە ئەفغانستانەوە، پاتریشیا ترۆنکۆسۆ لە شیلییەوە، ماریسێللا ئۆرتیەز ڕیڤێرا لە مەکزیکەوە، ماری بیاتریس ئۆمۆتسی لە ڕوانداوە، ئیسۆکە ئاپکیپتانی لە نەیجرییەوە، دڵشاد عوسمان لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە و هەروەها گرووپی ژنانی سێرەبێرەنیتسا لە بۆسنیاوە و دایکانی ئاشتی لە باکووری کوردستانەوە.

زەینەب بایەزیدی کە براوەی ئەمساڵی خەڵاتەکەیە، لەدایکبووی ١٩٨٣ی مەهاباد و لە ژنەچالاکە بەئەزموون و ناسراوەکانی کوردستان و ئێرانە. ئەم ژنەچالاکە پێشینەی هاوکاریکردنی لەگەڵ گرووپی دایکانی ئاشتیی کوردستان، ڕێکخراوەی بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤی کوردستان و کەمپەینی یەک میلیۆن واژۆ بۆ گۆڕینی یاساکانی دژ بە ژناندا هەیە.

ئەم چالاکوانە کوردە بۆ یەکەم جار ساڵی ١٣٨٤ (٢٠٠٦) بە هۆی چالاکییە مەدەنییەکانیەوە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە مەهاباد دەستبەسەر و دوای ٤٠ ڕۆژ بە بارمتە ئازاد کرا. دواتر دادگای شۆڕشی ئیسلامی بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» سزای ٦ مانگ بەندکران و دوورخستنەوە بۆ زیندانی مەراغەی بەسەردا سەپاند کە سزاکە بە شێوەی کاتی خرایە حاڵەتی هەڵپەساردنەوە.
زەینەب بایەزیدی ساڵی ١٣٨٧ (٢٠٠٨) بۆ دووهەم جار دوای بانگهێشتکران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد دەستبەسەر کرا و راستەوخۆ گوازرایەوە بۆ زیندان. دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهاباد مانگێک دواتر و بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» و «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» سزای ٤ ساڵ بەندکران و دوورخستنەوە بۆ زیندانی زەنجانی بەسەر ئەم ژنەچالاکەدا سەپاند.

زەینەب بایەزیدی دوای ٤ ساڵ و نیو بەندکران لە زیندانەکانی زەنجان و مەراغە، لە گەڵاڕێزانی ١٣٩١دا (نۆڤامبەری ٢٠١٢) ئازاد کرا و ساڵێک دواتر بە هۆی بەردەوامبوونی گوشارە ئەمنییەکانەوە ناچار بوو ئێران بەجێ بێڵێت و ئێستە لە وڵاتی ئەڵمانیا درێژە بە چالاکییەکانی دەدات.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بە بۆنەی وەرگرتنی خەڵاتی نێونەتەوەیی «دانیلە پۆ»وە، پیرۆزبایی گەرمی خۆی ئاڕاستەی خاتوو زەینەب بایەزیدی و هەروەها خاتوو زەینەب جەلالیان دەکات. خەبات و چالاکیی پڕبایەخی ژنانی کوردی وەک زەینەبەکان، نوێنەرەوەی دروشم و سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی»یە کە ئەمڕۆ لە دەرەوەی سنوورەکانی کوردستان و ئێرانەوە و لە ئاستی جیهانیدا کەوتووەتە بەر سەرنجەوە و ڕێزی لێ دەگیرێت.