رۆژی ١٣ی رەزبەر/ 10.05 پاسەوانەکانی هۆڵی چاوپێکەوتنی بەندیخانەی ورمێ پەلاماری بنەماڵەی کامڕان دەروێشییان دا، لە ئەنجامدا دایکی تەمەن ٧٣ ساڵی ئەو بەندکراوە بۆ بەشی چاودڕی تایبەتی نەخۆشخانەی ورمێ گوازرایەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوبارەیەوە بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی دووا و گوتی: “بنەماڵەی کامڕان دەروێشی لەلایەن عەلی ئەکبەر پیشەوەر بەرپرسی هۆڵی چاوپێکەوتنەوە پەلاماردراون. پیشەوەر بۆ ماوەی سێ مانگە وەک بەرپرسی هۆڵی چاوپێکەوتن دانراوە. پیشتر بەندکراوێک لە بەندی ٩ بەندیخانەی ورمێدا لە ئەنجامی توندوتیژی و لێدانەکانی پیشەوەردا گیانی لە دەستدابوو، بەو هۆیەوە بەرپرسیارێتیی بەندەکەی لێوەرگیراوەتەوە و بۆ هۆڵی چاوپێکەوتن گوازراوەتەوە”.

دەگوترێت لە ئەنام پەلامار و هێرشی پیشەوەر بۆ سەر ئەو بنەماڵەیە، خوشکی کامران دەرویشیش ئازاری پێگەیشتووە.

بە پێی گوتەکانی ئەم سەرچاوەیە، سەرجەم بەندکراوانی بەندیخانەی ورمێ عەلی ئەکبەر پیشەوەر وەکوو کەسێکی دەستوەشێن دەناسن. لەو کاتەوە کە بەرپرسیاریەتی هۆڵی چاوپێکەوتنی خراوەتە ئەستۆ، بنەماڵەی بەنکراوەکان بەهۆی هەڵسوکەوتە توندوتیژەکانییەوە چەندین جار سکاڵایان لەدژدا تۆمارکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێک بەمەبەستی لابردندنی نەنراوە”.

دەگوترێت، پیشەوەر بەو هۆیەوە کە ئەو بنەماڵەیە هەندزفرییان بۆ کامڕان دەرویشی بردووە پەلاماری داون. ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەو بەنکراوە پێشوەخت هەموو رێکارە یاساییەکانی بۆ بەکارهێنانی هەندزفریی گرتبووە بەر.

کامڕان دەروێشی، هاووڵاتی کوردی دانیشتووی شاری ورمێ ۱۳ی گوڵانی۱۳۹۵  / 2016.5.2 لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری ورمێوە دەستبەسەر کراوە و بۆ ماوەی دوو مانگ لە ده‌ستبه‌سه‌رگه‌ی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کراوە.

ئەو هاوڵاتییە کوردە خەزەڵوەری ئەو ساڵە / ٢٠١٦.١١ لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ورمێوە بە سەرۆکایەتی قازی شێخلو بە تۆمەتی “هاوکاریکردنی یەک لە حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردستان” بە پێنج ساڵ زیندان سزادرا.

 کامڕان دەروێشی پێشتریش لە ساڵی١٣٩٠ی هەتاوی/٢٠٠١ بە تۆمەتی “ئەندامبوونی پارتی کرێکارانی کوردستان” (پەکەکە) بە پێنج ساڵ زیندان سزادرابوو و پاش تێپەڕکردنی سێ ساڵ، بە مەرج لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.