بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ڕۆژانی ڕابردوودا ژنێکی تەمەن ٨٠ ساڵ بەناوی “سەلبی مەرەندی” بانگکراوە بۆ نووسینگەی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای شاری خۆی و پاش ئەوەی ٧٠ قامچیی لێدراوە بەدۆخێکی ناجێگیری تەندروستییەوە بەمەبەستی تێپەڕکردنی سزای ٨ مانگ بەندکران بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی خۆی گوازراوەتەوە.

جێگەی ئاماژەیە کە سەلبی مەرەندی دایکی “بێهروز زەینال‌نژاد”ە کە لە ڕێکەوتی ٢٥ی بەفرانباری ساڵی ٩٧ / ٢٠١٩.٠١.١٥ لە پێنجەمین ڕۆژی دوورینەوەی لێوەکانی و مانگرتنی لە خواردن بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە درێژنەکردنەوەی مۆڵەتی چوونەدەرەوەی لە بەندیخانەدا بوو کە بەشێوەیەکی گوماناوی گیانی لە دەستدابوو. پاش ئەو ڕووداوە بەرپرسانی بەندیخانەکە ڕایانگەیاندبوو کە ناوبراو خۆی کوشتووە.

بنەماڵەی ئەو بەندکراوە پاش بینینی تەرمی ڕۆڵەکەیانەوە بانگەشەی “خۆکوشتن”یان ڕەتکردبووەوە و بۆ بەدواداچوون سەردانی نووسینگەی بەندیخانەی شقاری خۆی‌یان کردبوو، بەڵام هەڵسوکەوتی نەگونجاوی سەرۆکی بەندیخانە و دادوەری چاودێری بەندیخانەکە بوبووە هۆی تێکهەڵچوون لە نێوانیاندا و لە ئەنجامدا ئەو بنەماڵەیە هەندێک کەلوپەل و جامی نووسینگەکەیان شکاندبوو.

دوابەدوای ئەو ڕووداوە، سەرۆکی بەندیخانە و دادوەری چاودێری بەندیخانەی خۆی سکاڵایان لەدژی ئەو بنەماڵەیە تۆمارکردبوو. لە ئەنجامدا دادگای گشتیی شاری خۆی هەر کامە لە “سەلبی مەرەندی”، دایکی بنەماڵە و “عاتفە زەینال‌نژاد”، کچی ئەو بنەماڵەیەی بە ٧٠ قامچی و ٨ مانگ بەندکران سزادابوو.