یه‌كێك له ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌ی زه‌ینه‌ب جه‌لالیان له وتووێژێكدا له‌گه‌ڵ تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، باسی له ئه‌گه‌ری گواسته‌وه‌ی ئه‌م به‌ندكراوه سیاسییه بۆ به‌ندیخانه‌ی كرمان کرد.
زه‌ینه‌ب جه‌لالیان ڕێكه‌وتی ٣١ی جۆزه‌ردان، به مه‌به‌ستی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی بۆ زیندانی خۆی و هه‌روه‌ها پێڕاگه‌یشتنی پزیشكی دوای تووشبوونی به ڤایرۆسی كۆرۆنا، ده‌ستی دابووه مانگرتن له خواردن، به‌ڵام له شه‌شه‌مین ڕۆژی مانگرتنەکەدا له به‌ندی قه‌ره‌نتینه‌ی زیندانی قه‌رچه‌كه‌وه گواسترایه‌وه بۆ شوێنێكی نادیار.
ئه‌ندامێكی بنه‌ماڵه‌ی ئه‌م به‌ندكراوه سیاسییه له‌سه‌ر دوایین بارودۆخی زه‌ینه‌ب جه‌لالیان به تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستانی ڕاگه‌یاند: «ڕۆژی ڕابردوو كه‌سێك كه خۆی وه‌ك به‌ندكراوێكی زیندانی قه‌رچه‌ك ناساند، له پێوه‌ندییه‌كدا له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه وتی چه‌ند ڕۆژ پێش گروپێك له كاربه‌ده‌ستانی ئه‌منیه‌تی زەینه‌بیان به بیانووی هەناردن بۆ زیندانی كرمان گواستۆ‌ته‌وه.» هاوكات عه‌لی جه‌لالیان، باوكی زه‌ینه‌ب، كورته‌نامه‌یه‌كی له لایه‌ن ده‌زگای دادوەرییه‌وه پێ گه‌شتوه گوایه لە لقی یه‌كه‌می دادگای جه‌زایی كرماندا دۆسیه‌یەک بۆ كچه‌كه‌یان کراوەتەوە.
به وته‌ی ئه‌م ئه‌ندامه‌ی بنه‌ماڵه، به‌پێی ئه‌م پێوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه و ناردنی ئه‌و كورته‌نامه‌یه، پێده‌چێ زه‌ینه‌ب جه‌لالیان ڕەوانه‌ی زیندانی كرمان كرابێ، هه‌رچه‌نده هیچ هۆیه‌كی یاسایی بۆ ئه‌م گواستنه‌وه‌یه نییه.
باسی ئه‌گه‌ری گواستنه‌وه‌ی ئه‌م به‌ندكراوه سیاسیه له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه‌کەیەوه له حاڵێكدا دێته به‌رباس کە دوای تێپه‌ڕاندنی ١٠ ڕۆژ له گواستنه‌وه‌ی دووباره‌ی ناوبراو له زیندانی قه‌رچه‌كه‌وه، هیچ هه‌واڵێكی فه‌رمی له لایه‌ن كاربه‌ده‌ستانی دادوەری یان به‌رپرسانی زیندانه‌وه له‌سه‌ر شوێنی ڕاگرتنی خانمی جه‌لالیان ڕانه‌گه‌یه‌نراوه و خۆیشی هیچ جۆره پێوه‌ندییه‌كی له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌یدا نه‌بووه.
زه‌ینه‌ب جه‌لالیان ڕێكه‌وتی ١٠ی مانگی گوڵانی ئەمساڵ به شێوه‌ی كتوپڕ له لایه‌ن هێزه ئه‌منیه‌تییه‌كانه‌وه له به‌ندیخانه‌ی خۆی بۆ به‌ندیخانه‌ی قه‌رچه‌كی وه‌رامین گواسترایه‌وه و تا ئێستا له به‌ندی قه‌ره‌نتینه‌ی ئه‌م به‌ندیخانه‌یه‌دا ڕاگیرابوو. باوكی ئه‌م به‌ندكراوه سیاسییه پێشتر به تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستانی ڕاگه‌یاندبوو له ڕێگه‌ی كورته‌نامه‌یه‌كه‌وه ئاگادار كراوەتەوە کە دۆسیه‌ی كچه‌كه‌ی نێردراوه‌ته لقی ١٠١ی دادگای تاران، به‌ڵام هیچ ئاگادارییەکیان لە هۆکار و ناوەرۆکی ئه‌م دۆسیه تازەیە پێ نەداون.
تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان هه‌روه‌ها له لایه‌ن بنه‌ماڵه‌ی زه‌ینه‌ب جه‌لالییانه‌وه ئاگادار كراوه‌ته‌وه كه له ماوه‌ی ڕاگرتنی ئه‌م به‌ندكراوه سیاسییه‌دا له‌زیندانی قه‌رچه‌ك، دوو كه‌س كه خۆیان وه‌ك پارێزه‌ی مافی مرۆڤ ناساندووه له‌گه‌ڵ خانمی جه‌لالیان چاوپێكه‌وتنیان كردووه و داوایان لێ كردووه بۆ باشتربوونی بارودۆخی خۆی له‌گه‌ڵ ڕێكخراوه ئه‌منیه‌تییه‌كاندا هاوكاری بكات، به‌ڵام ناوبراو به بنه‌ماڵەكه‌ی وتبوو به هۆی ئه‌وه‌ی كه باوه‌ڕی به‌م كه‌سانه نه‌كردووه، وازی هێناوه له قسه‌كردن له‌گه‌ڵیان و پارێزی كردووه له داواكارییه‌كانیان.
ماڵپه‌ڕێكی ئه‌منیه‌تی كه به‌ناوی «چاودێری مافی مرۆڤی كوردستانی ئێران» چالاكی ده‌كات، له چه‌ند مانگی پێشوودا زنجیرە بابه‌تێکی دوور له حه‌قیقه‌تی بۆ ڕوخاندنی کەسایه‌تیی زه‌ینه‌ب جه‌لالیان بڵاو كردۆته‌وه و له یه‌كێك له دوایین ڕاپۆرته‌كانیدا نووسیویه‌تی پارێزه‌رێكی ئه‌م ڕێكخراوه‌یە چاوپێكه‌وتنی بووه له‌گه‌ڵ زه‌ینه‌ب جه‌لالیاندا.
تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان کە له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا له نزیكه‌وه به‌دواداچوونی بۆ بارودۆخ و دۆسیه‌ی زه‌ینه‌ب جه‌لالیان کردووە، گواستنه‌وه‌كانی ئەم دواییەی و هاوكات هه‌وڵی به‌ربڵاوی ڕێكخراوه ئه‌منیه‌تییه‌كان و بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌تی دوور له ڕاستی له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بە مەبەستی ڕووخاندنی کەسایەتیی خانمی جه‌لالیان و گوشارهێنان بۆ چاوپێكه‌وتنی تێلەڤیزیۆنی، بە کۆمەڵێک نیشانه‌ی مەترسیدار دەزانێت و پێی وایە ئەمانە نیشانەی سیناریۆیه‌كی ئامادەکراوی ئه‌منیه‌تییە و دەیانەوێ دۆسیه‌یه‌كی نوێ بۆ ئه‌م به‌ندكراوه سیاسییه ناسراوه‌ی كورد بکەنەوە كه دوای تێپه‌ڕینی نزیك به ١٣ ساڵ لە به‌ندكرانی، هێشتا هەر له سه‌ختترین بارودۆخدایه.
زه‌ینه‌ب جه‌لالیان له ساڵی ١٣٦١ی هه‌تاوی (١٩٨٢ی زایینی) له گوندی “دێم قشڵاق”ی سه‌ر به شاری ماكۆ له پارێزگای ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا له دایك بووه. ناوبراو له سه‌رماوه‌زی ساڵی ١٣٨٦ی هه‌تاویدا (دیسامبری ٢٠٠٧) له كرماشان ده‌ستبه‌سه‌ر كرا و دوای چه‌ندین مانگ ڕاگرتن له ژووری تاكه‌كه‌سیی ئیداره‌ی ئیتڵاعاتی ئه‌م شاره و كه‌وتنه ژێر ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌ی فراوان، له لایه‌ن دادگای ئینقلاب ئیسلامیی ئەو شارەوە به تۆمه‌تی هه‌وڵدان دژی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و شەڕکردن لە دژی خوا لە ڕێگەی ئه‌ندامێتییەوە لە پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاک)دا، سزای سێداره‌ی بۆ دەرچوو. ئه‌م سزایه دوای په‌سه‌ندکردنی له دادگای پیاچوونه‌وەدا لە ساڵی ١٣٩٠ی هه‌تاوی (٢٠١١) پلەیەک كه‌م كرایه‌وه و بوو بە زیندانی هه‌تاهه‌تایی. ناوبراو به درێژایی ئه‌م ساڵانه له به‌ندیخانەدا تووشی نه‌خۆشیی جۆراوجۆری وه‌ك كزیی چاو، ناخونەكی چاو و نەخۆشیی دەم بووە.
کۆمیتەی دەستگیرکردنە نایاساییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ساڵی ١٣٩٥ (٢٠١٦) و لە دووتوێی داواکارییەکی فەرمیدا داوای لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد دەسبەجێ زەینەب جەلالیان ئازاد بکات و هەموو ڕێوشوێنەکان بۆ قەرەبووکردنەی ئەو خەسار و ئازارانەی بە سەریدا سەپاوە، بە پێی یاسا نێونەتەوەییەکان بگرێتە بەر. بە پێی داوانامەکەی ئەم کۆمیتە نێونەتەوەییە، بێبەشکردنی زەینەب جەلالیان لە مافی ئازادی، کارێکی سەرەڕۆیانەیە و پێچەوانەی جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ و کۆنڤانسیۆنی جیهانیی مافە مەدەنی و سیاسییەکانە و دەبێ کۆماری ئیسلامیی ئێران هەموو ئەوانەی لە پێشێلکردنی مافەکانی ئەم چالاکڤانە سیاسییە کوردەدا دەوریان هەبووە، بخاتە بەر لێپرسینەوەی یاساییەوە.