به‌پێی زانیارییه‌كانی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، بەندکراوێک بە ناوی ئارەش عەلی‌ئەکبەری، لە لایەن لقی دووهەمی دادگای کەیفەریی یەکی ورمێوە بە تۆمەتی «دزی» سزای بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاستی بۆ دەرچووە.
بەپێی دادنامەکە کە نوسخەیەکی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، ئارەش عەلی‌ئەکبەری کوڕی ئیسلام، لەدایکبووی ٢٥ی خاکەلێوەی ١٣٦٧، کە هاوسەر و منداڵێکی هەیە، لە خەرمانانی ١٣٩٨دا بە تۆمەتی دزی لە ورمێ دەستبەسەر کراوە. ناوبراو ١٩ی پووشپەڕی ئەمساڵ بە تۆمەتی ١٦ تاوانی دزی لە لقی دووهەمی دادگای کەیفەریی یەکی ورمێدا دادگایی کرا و لە ٧ی گەلاوێژدا سزای بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاستی مەحکووم کراوە.
ئەم زیندانییە کە تا دیپلۆمی خوێندووە و جۆشکارە، مافی ئەوەی پێ نەدراوە کە خۆی پارێزەرەکەی دیاری بکات و دوای دەرچوونی حوکمەکە و تانەلێدان لەو بڕیارە، ئێستا دۆسییەکە ڕەوانەی دیوانی باڵای ئێران کراوە.
پێشتریش چوار بەندکراوی دیکەی بەندیخانەی ورمێ بە ناوەکانی هادی ڕوستەمی، مەهدی شەرەفیان، مەهدی شاهیوەند و کەسرا کەرەمی بە تۆمەتی «دزی» حوکمی بڕینەوەی پەنجەکانی دەستیان بۆ دەرچووە و دوای پەسەندکرانی حوکمەکە لە دیوانی باڵای ئێراندا، دۆسییەکەیان بە مەبەستی جێبەجێکردنی ئەو حوکمە ڕەوانەی بەشی ئیجرای ئەحکام کراوە.
کۆنڤانسیۆنە نێونەتەوەییەکانی قەدەغەکردنی ئەشکەنجە و مافە مەدەنی و سیاسییەکان، پەنابردنە بەر سزای نامرۆڤانەی وەک بڕینەوەی ئەندامەکانی جەستەیان قەدەغە کردووە. ئەگەرچی ئێرانیش کۆنڤانسیۆنی نێونەتەوەیی مافە مەدەنی و سیاسییەکانی واژۆ کردووە، بەڵام لەو دەگمەن وڵاتانەیە کە «کۆنڤانسیۆنی نێونەتەوەیی قەدەغەکردنی ئەشکەنجە»ی قبووڵ نەکردووە و لە زۆربەی تاوانەکاندا هێشتا هەر سزای بڕینەوەی ئەندامی جەستە بەکار دێنێت.