چوار بەندکراو کە حوکمی یەک ساڵ و دوو ساڵ بەندکراویان بە سەردا سەپاوە و لە بەندی ١-٢ی بەندیخانەی ورمێ بوون، چەند ڕۆژ لەمەوپێش لەبەر شەڕکردنی ناو زیندان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوون، ئەم کەسانە دوای ئەوەی ڕۆژی ڕابردوو دەستیان دابوویە خۆکوشتن، لە لایەن گاردی زیندانەوە بە قورسی ئەشکەنجە دراون.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ورمێوە وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە، بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی ڕاگەیاند: «تەوحید غەزنەوی، بابەک سۆفی، حوجەت دڵارام و میلاد (فامیلەکەی نادیارە) چەند ڕۆژ پێش و دوای ئەوەی شەڕێک لە ناو بەنددا ڕووی دابوو، بە مەبەستی تەمێکردن گواسترابوونەوە بۆ ژووری تاکەکەسی و ڕۆژی ڕابردوو وەک ناڕەزایەتی لە ئاست درێژبوونەوەی ماوەی مانەوەیاندا لە دۆخی دژواری ژووری تاکەکەسیدا. دەستیان دابوویە خۆکوشتن».
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، دوای ئەوەی پاسەوانەکانی زیندان لە بابەتەکە ئاگادار بوونەتەوە، بە ئامادەبوونی هێزەکانی گاردی زیندان، ئەم ٤ بەندکراوە کەوتنە بەر لێدانێکی قورس و سەختەوە. هەروەها نیوەڕۆی ئەمڕۆ ٢٩ی ڕەزبەر، هێزەکانی گارد بە فەرمانی بەرپرسانی بەندیخانە بۆ دووهەم جار هەڵیانکوتاوەتە سەر ژوورەکەیان و بە قورسی بە باتۆم لێیان دراوە.
ئەم سەرچاوەیە دەڵێت بە هۆی بڕینی دەمارەکان و ئەشکەنجەدانەکەوە خوێنی ئەم ٤ بەندکراوە ڕژاوەتە نێو ژوورە تاکەکەسییەکانی قەرەنتینەوە، لە درێژەشدا وتی: «ئەم بەندکراوانە لە حاڵێکدا کە لەبەر نالەباربوونی دۆخی جەستەیان دەبوو بگوازرایەنەوە بۆ نەخۆشخانە، کەچی هێشتا هەر لە دۆخی سەختی ژوورە تاکەکەسییەکاندا ڕاگیراون».