هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی حەمید دەروێشی، خەڵکی گوندی «بالوو»ی سەڵماس کە نزیکەی ٦ مانگ لەمەوپێش بە تۆمەتی هاوکاریکردنی حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ورمێوە دەستبەسەر کرابوو، دوای ئەوەی بە بڕینەوەی دەمارەکانی دەست‌وپێی هەوڵی خۆکوشتنی دابوو، ڕەوانەی نەخۆشخانەی زیندانی ورمێ کراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ورمێ سەبارت بەم بابەتە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «ئەم هاووڵاتییە کوردە نزیکەی ٦ مانگ لەمەوپێش لە شەقامێکی شاری ورمێ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و گواسترایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە. ناوبراو بە درێژایی ئەم ماوەیە لەژێر ئەشکەنجە و گوشاری جەستەیی و ڕۆحیدا بووە بۆ ئەوەی بە زۆر دان بە تاوانکاربوونی خۆیدا بنێت. هەر بۆیە لە ئەنجامی ئەم زەخت و گوشارانە و لەبەر نادیاربوونی چارەنووسی، لە ژوورێکی تاکەکەسیی دەستبەسەرگەکەدا بە بڕینەوەی دەمارەکانی دەست‌وپێی هەوڵی خۆکوشتنی داوە».
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، سەرەڕای ناجێگیربوونی دۆخی تەندروستیی ئەم هاووڵاتییە، بەرپرسە ئەمنییەکان ئامادە نەبوون بیگوازنەوە بۆ نەخۆشخانە و ڕۆژی ڕابردوو ڕەوانەی نەخۆشخانەکەی زیندانی ورمێیان کردووە.