كه‌سێكی نزیك له ئاڤاشین زاگرۆس، هاووڵاتیی كوردستانی سووریا (ڕۆژئاوا) و ئه‌ندامی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاک)، كه دوای برینداربوون له ٢٠ی ڕه‌زبه‌ردا له نزیک مه‌ریوان لە لایەن هێزه ئه‌منییه‌كانەوە ده‌ستگیر كرابوو، له وتووێژێكدا له‌گه‌ڵ تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان وتی چاره‌نووسی ناوبراو تا ئێستاش نادیارە.
به وته‌ی ئه‌م سه‌رچاوه‌یە، بنه‌ماڵه‌ی ئاڤاشین کە له كوردستانی سووریا ده‌ژێن، دوای ئەوەی لە دەستگیرکردنی منداڵەکەیان ئاگادار بوونەوە بە تەما بوون بە مەبەستی بەدواداچوون و ئاگاداربوونەوە له چاره‌نووسی ئاڤاشین سەفەری ئێران بکەن، به‌ڵام لەبەر بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا و قه‌ده‌غه‌ی هاتووچوو له نێوان سنووره‌كاندا، لە ئێستەدا ئیمكانی سه‌رفه‌رکردنیان نییه.
ئه‌م سه‌رچاوه‌یه دوای ئەوەی نیگه‌رانی خۆی له ئاست چاره‌نووسی خانمی زاگرۆس‌دا دەربڕی، وتی: «به پێی هه‌واڵێك كه له میدیاكان و ڕێكخراوه‌کانی مافی مرۆڤدا بڵاو بووه‌ته‌وه، ناوبراو له كاتی ده‌ستبه‌سه‌ربووندا گوللە بەر لاقی كه‌وتووە و له حاڵێكدا كه دەبوو له ژێر چاودێریی پزیشکدا بێ، به‌ڵام بۆ لێپرسینه‌وه گواستراوه‌ته‌وه بۆ ده‌ستبه‌سه‌رگه‌یه‌كی شاری سنه و ئه‌مه‌ش بۆ‌ته هۆی نیگه‌رانیی هەرچی زیاتری بنه‌ماڵه‌کەی له ئاست دۆخی ته‌ندروستیی ئاڤاشیندا».
پێشتر سه‌رچاوه‌یه‌ك له مه‌ریوان به تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستانی وتبوو ئەم ژنە جوانە لە کاتی دەستگیرکردندا کەوتبووە بەر لێدان و ئەشکەنجەی هێزەکانی سپای پاسداران.
هەروەها دوو سەرچاوەی دیکەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە مەریوان و سنەوە ڕایانگەیاند کە دوای ئەوەی ئاڤاشین زاگرۆس لە لایەن هێزەکانی قەرارگای حەمزەی سەیدولشوهەدا دەستگیر کرا، بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی توندی ئەمنی و بە ئامادەبوونی نزیکەی ٥٠ ئەندامی چەکداری سپا، سەرەتا بۆ پشکنینی پزیشکی و پانسمانکردنی قاچی کە گوللەی بەر کەوتبوو، براوەتە نەخۆشخانەی بووعەلیی مەریوان و ئینجا گواستراوەتەوە بۆ سنە.
بە وتەی ئەم سەرچاوانە، دوای ئەوەی ناوبراو دەبرێتە دەستبەسەرگەی شەهرامفەری ئیتلاعاتی سپای سنە، خوێنێکی زۆری لەبەر دەچێت و هەر بۆیە دەبرێتە نەخۆشخانەی کەوسەری سنە و لەوێ نەشتەرگەریی بۆ دەکرێت، بەڵام مۆڵەت بە تەواوبوونی پرۆسەی دەرمانکردنی نادرێت و دیسانەوە بۆ لێپرسینەوە گواستراوەتەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنییەتیی سنە
گواستنەوەی خێرا و دووبارەی ئەم هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی سووریا بۆ دەستبەسەرگە و وەرنەگرتنی چارەسەرە پزیشکییە پێویستەکان لە نەخۆشخانەدا، بۆتە هۆی قووڵبوونەوەی هەرچی زیاتری نیگەرانییەکان لەسەر دۆخی تەندروستیی ناوبراو. هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی نموونە هاوشێوەکان لە ڕابردوودا، ئێستا مەترسیی ئەشکەنجەدانی لە لایەن هێزە سەربازی-ئەمنییەکانی ئێرانەوە لە ئارادایە.
بەپێی کۆنڤانسیۆنی ژێنێڤ «چریک و ئەندامانی گرووپی بەرەنگاری وڵاتێک» ئەگەر لە شەڕ و تێکهەڵچوونی سەربازیدا دەستگیر بکرێن بە دیلی شەڕ لە قەڵەم دەدرێن و ئەشکەنجەدان یان دەرماننەکردنیان قەدەغە کراوە. هەر لەم کۆنڤانسیۆنەدا داوا کراوە ئەگەر ژنێک دەستگیر کرا دەبێ هەموو ڕێوشوێنە تایبەتەکانی پێوەندیدار بە جنسیەتیانەوە لە بەرچاو بگیرێت و بەپێی ئەو ڕێوشوێنانە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکرێت.