تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ئەمڕۆ شەممە ٢١ی ڕەشەمە (١٢ی مارس) زیندانیی سیاسیی کورد محەممەد مورادی بە بارمتەی قورسی ٨ میلیارد تمەنی لە زیندانی نەغەدە ئازاد کراوە. ناوبراو حەفتەی ڕابردوو لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی مەهابادەوە بە تۆمەتی «موحارەبە» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا حوکمی ١٥ ساڵ دوورخستنەوەی ئازاد بۆ شاری چەوەرزەقی پارێزگای زەنجانی بەسەردا سەپابوو.

دەوترێت ئەم زیندانییە سیاسییە تا کاتی پەسەندکران و یەکلاییبوونەوەی حوکمەکەی ئازاد کراوە.

محەممەد مورادی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «قەبرحسەین»ی شاری پیرانشار، لە ڕێکەوتی ٢ی گوڵانی ١٣٩٧دا (٢٢ی ئاوریلی ٢٠١٨) سەرەڕای هەماهەنگیکردنی بنەماڵەکەی لەگەڵ سپای پاسداراندا و وەرگرتنی «ئەماننامە» بۆ دوای گەڕانەوە لە هەرێمی کوردستان بۆ ئێران، لە ساتەوەختی چوونەناو دەروازەی سنووریی «کێلێ»ی سەردەشت لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا و گواسترایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنییە لە ورمێ. ناوبراو بۆ ماوەی ٤٥ ڕۆژ لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای ورمێ بۆ وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ لەمەڕ «ئەندامبوون لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا و گەڕانەوە بۆ ئێران بە مەبەستی چالاکیی چەکداری» خرایە ژێر قورسترین ئەشکەنجەکانەوە.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕێکەوتی ٢٢ی گوڵانی ئەمساڵدا (١٢ی مەیی ٢٠٢١) بە تۆمەتی «موحارەبە» لە ڕێگەی ئەندامبوونەوە لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهابادەوە حوکمی ٤٠ ساڵ زیندان و دوورخستنەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێی بەسەردا سەپا. ئەم حوکمە لە مانگی ڕەزبەری ئەمساڵدا (ئۆکتۆبەر) لە لایەن لقی ٣٤ی دیوانی باڵای ئێرانەوە لەبەر ناتەواوبوونی دۆسیەکە هەڵوەشایەوە و بۆ لێکۆڵینەوەی دووبارە نێردرایەوە بۆ لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهاباد.

دادگای ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕێکەوتی ٤ی ڕەشەمەدا (٢٢ی فێبرییەی ٢٠٢٢) بە شێوەی ڤیدیۆکۆنفرانس بەڕێوە چوو و دوای چەند ڕۆژ پێی ڕاگەیەنرا کە حوکمی ١٥ ساڵ دوورخستنەوەی ئازاد بۆ شاری چەوەرزەقی پارێزگای زەنجانی بۆ دەر کراوە.

محەممەد مورادی ٣٥ ساڵان، خێزاندار و باوکی دوو منداڵە. ناوبراو هەروەها برای دوو کۆڵبەرە بە ناوەکانی «سادق مورادی» و «عەبدوڕەحمان مورادی» کە لە ڕەزبەری ١٣٩٨دا (ئۆکتۆبەری ٢٠١٩) لە ناوچەی سنووریی «کۆتران»ی قەندیلی پیرانشار بوونە ئامانجی دەسڕێژ و ئەشکەنجەدانی هێزەکانی سپاسی پاسداران و گیانیان لەدەست دا.