هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی هادی ڕوستەمی، زیندانیی مەحکووم بە بڕینی چوار ئەنگووست دەست کە لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی جۆزەردانەوە (١٢ی ژوەن) دوابەدوای ئەشکەنجەدران لە لایەن هێزەکانی زیندانەوە ڕەوانەی شوێنێکی نادیار کراوە، لە بەردەستدا نییە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی جۆزەردان (١٢ی ژوەن) چەند کەس لە هێزەکانی زیندان چوونەتە تیپی یەکی هۆڵی ٩ی زیندانی تارانی گەورە و دەستیان داوەتە ئەشکەنجە و لێدانی قورسی هادی ڕوستەمی. لەم لێدانەدا لووتی هادی ڕوستەمی شکاوە و هێزەکانی زیندان ناوبراویان گواستۆتەوە بۆ شوێنێکی نادیار».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، بەپێی هەندێ هەواڵ کە پشتڕاست نەکراونەتەوە، ئەم زیندانییە گوازراوەتەوە بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، بەڵام لەبەر ئەوەی کە ناوبراو لە ڕۆژی یەکشەممەوە نەیتوانیوە لەگەڵ بنەماڵە و هاوڕێیانیدا پێوەندی بگرێت، تا ئێستە هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی بەردەست نەکەوتووە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان و ناوەندی عەبدوڕەحمان بروومەند پێشتر بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێکی هاوبەش باسیان لە مەترسیی جێبەجێکردنی حوکمی بڕینی چوار ئەنگووستی دەستی لانیکەم ٨ زیندانیی بەندکراو لە زیندانی تارانی گەورە کردبوو.

هادی ڕوستەمی لە سەرەتای جۆزەردانی ئەمساڵدا (کۆتاییەکانی مانگی مەی) لەگەڵ هاودۆسیەکەی تریدا بە ناوی مێهدی شاهیوەند بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرانبەر گواستنەوەیاندا لە زیندانی ناوەندیی ورمێوە بۆ زیندانی تارانی گەورە و نادیاربوونی چارەنووسیان لە زینداندا، بۆ ماوەی ٥ ڕۆژ مانیان لە خواردن گرتبوو.

هادی ڕوستەمی ٣٥ ساڵان، باوکی منداڵێک و خەڵکی ئیلام لە ڕێکەوتی ٣ی خەرمانانی ١٣٩٦ (٢٥ی ئاگۆستی ٢٠١٧) لە شاری ورمێ لەگەڵ دوو هاووڵاتیی دیکەدا بە ناوەکانی مێهدی شاهیوەند و مێهدی شەرەفیان دەستبەسەر کرا.

هادی ڕوستەمی پێشتر لە دووتوێی نامەیەکدا بۆ کۆمیسیۆنی لێبوردن و بەخشینی دەزگای دادوەریی ئێران و هەروەها ڕاپۆرتکاری تایبەتی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران کە نوسخەیەکیشی نێردرابوو بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، نووسیبووی: «من، زیندانی هادی ڕوستەمی کوڕی ناسر بە ژمارە دۆسیەی ١٠٠٤٠٣ لە دادگای کەیفەریی یەکی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، حوکمی بڕینی چوار ئەنگووستی دەستی ڕاست و چەندین میلیارد غەرامەی ڕادەستکردنەوەی ماڵی دزراوم بەسەردا سەپاوە. لە پێنج ساڵ لەمەوپێشەوە تا ئێستە لە زینداندام و لە ئیدارەی ئاگاهیی چەندین شار و لەوانە ورمێ، ئەردەبیل و بەندەر ئەنزەلی خراومەتە ژێر ئەشکەنجەی قورسی جەستەییەوە».

ئەم زیندانییە لە درێژەی نامەکەیدا ڕایگەیاندبوو کە لە کۆی ئەو ٢٨ حاڵەتی دزینە کە لە دۆسیەکەیدا ئاماژەی پێ کراوە ئاگای لە ٢٠ حاڵەتیان نییە و دادگایش بەبێ گوێگرتن لە داکۆکییەکانی حوکمی بێبەزەییانەی بڕینەوەی چوار ئەنگووستی دەستی ڕاستی بەسەردا سەپاندووە.

ئەم حوکمە لە لقی ١٣ی دیوانی باڵای ئێراندا وەک خۆی پەسەند کراوەتەوە و بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی بەردەم لقی ٨ی ئیجرای ئەحکامی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ورمێ کراوە.