تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی جۆزەردان (٢٠ی ژوەن) ئەرکان پاڵانی جاف، زیندانیی مەزهەبیی کورد کە لە ٢٠ی جۆزەردانەوە (١٠ی ژوەن) بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست بێبەشکردنیدا لە ئازادیی مەرجدار، پێنەدانی مۆڵەتی پشووی کاتی و دابیننەکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکی بە دوورینەوەی لێوەکانی مانگرتنی وشک لە خواردنی ڕاگەیاندووە، لە لایەن هێزەکانی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەجەوە کەوتۆتە بەر ئەشکەنجە و لێدانی قورسەوە. پاش لێدانەکەیش بە زۆر لێوە دووراوەکانیان کردۆتەوە.

ئەم زیندانییە لە ماوەی ١٢ ڕۆژ مانگرتنی وشکدا ١٠ کیلۆ کێشی دابەزیوە و تووشی دابەزینی بەرچاوی زەخت بووە و دەوترێت لە دۆخێکی ناجێگیردایە.

دەوترێت ئەم زیندانییە مەزهەبییە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لە ژووری تاکەکەسییەوە براوەتە نەخۆشخانەی زیندان بەڵام ئامادە نەبووە سیرۆم وەربگرێت و سەرلەنوێ گەڕێنراوەتەوە بۆ ژووری تاکەکەسی.

ئەرکان پاڵانی جاف، هاووڵاتیی سوننەمەزهەبی خەڵکی سەرپێڵ زەهاوی پارێزگای کرماشان، لە ڕێکەوتی ١٢ی خەرمانانی ١٣٩٦دا (٣ی سێپتامبری ٢٠١٧) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە تاران دەستبەسەر کرا و دوای نزیکەی ٣ مانگ لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەکانی ٢٠٩ی ئێڤینی تاران و مەیدانی نەفتی کرماشان، ڕەوانەی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج کرا.

ناوبراو دوای ماوەیەک لە لایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر مەقیسە بە تۆمەتی «تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی» لە ڕێگای هاوکاریکردنەوە لەگەڵ داعشدا حوکمی ٧ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی بۆ بڕایەوە. ماوەیەک لەمەوپێش و دوابەدوای ڕەزامەندبوونی دادگا بە پێدانی پشووی کاتی بەم زیندانییە مەزهەبییە کە لە پێنجەم ساڵی زیندانیبووندایە، بنەماڵەکەی بە چەندین تاپۆی گوندەوە سەردانی دادگای تارانیان کردووە، بەڵام دادگا هەرجارە و بە بیانوویەک خۆی دزیوەتەوە لە دەرکردنی بڕیاری «نیابەتی قەزایی» بۆ لێکۆڵینەوە لە بارمتەکە.