پەیمان گوڵابی، پزیشکی ئاژەڵ (ڤێتێرنەر)ی خەڵکی مەهاباد کە شەوی چوارشەممە ٢٠ی ڕەزبەر (١٢ی ئۆکتۆبر) بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان بریندار بووە و پاشان دەستبەسەر کراوە، لە دۆخێکی ناجێگیر و سەختدا لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای مەهاباد ڕاگیراوە و مافی خزمەتگوزاری پێویستی پزیشکیی لێ زەوت کراوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، شەوی چوارشەممە ٢٠ی ڕەزبەر (١٢ی ئۆکتۆبر) هێزە ئەمنییەکان لە شەقامێکی شاری مەهاباد بە چەکی ساچمەزەن لە پشتەوە دەسڕێژیان لە پەیمان گوڵابی کردووە و دوای لێدانێکی زۆر دەستبەسەریان کردووە.

ڕۆژی هەینی ٢٢ی ڕەزبەر (١٤ی ئۆکتۆبر) ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان بە تەلەفۆن پێوەندیی بە بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییەوە کردووە و وتوویەتی پەیمان گوڵابی گیانی لەدەست داوە. ناوبراو داوای لە بنەماڵەکەی کردبوو بۆ ئەنجامدانی کاروبارە ئیدارییەکانی ڕادەستکردنەوەی تەرمەکە سەردانی نەخۆشخانەی مەهاباد بکەن. دوای ئەوەی بنەماڵەکەی دەچنە نەخۆشخانەی مەهاباد و بڕەپارەی پێویست بۆ ڕادەستکردنەوەی تەرمەکە دەدەن، بەرپرسانی نەخۆشخانەکە دەڵێن تەرمەکە لای ئیدارەی ئیتلاعاتە و دەبێ لەم دەزگا ئەمنییەی وەربگرن.

دوای سەردانکردنی بەردەوامی ئەم بنەماڵەیە بۆ دامودەزگا ئەمنییەکان و دادسەرای مەهاباد، پێیان ڕاگەیەنراوە کە پەیمان گوڵابی دوای برینداربوون براوەتە ناوەندێکی پزیشکی لە ورمێ و پاشان گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی میاندواو.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی ڕەزبەر (١٦ی ئۆکتۆبر) لە نەخۆشخانەی میاندواوەوە پێوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەم بنەماڵەیەدا دەگیرێت و دەردەکەوێت کە پەیمان گوڵابی زیندووە و لە دەستی دەزگای ئیتلاعاتی سپای مەهاباددایە.

شایەتحاڵێکیش بە بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوەی ڕاگەیاندووە کە ١٥ ساچمە بەر جەستەی پەیمان کەوتووە و دوای دەستبەسەرکرانیش بە هۆی ئەشکەنجەدانی قورسەوە هەردوو قاچی، دەستی ڕاستی و چەند ددانی شکاوە.