بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ڕۆژانی ڕابردوودا ژمارەیەک لەو هاووڵاتییە کوردانەی لە ڕەوتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکاندا دەستبەسەر کرابوون، لە لایەن دادگاکانی شۆڕشی ئیسلامی و کەیفەرییەوە سزای بەندکران، قامچی‌لێدان و بێبەشکردن لە مافی کۆمەڵایەتییان بۆ دەرچووە.

مەسعوود کامیاب، چالاکی مەدەنیی خەڵکی سونقوڕ کە لە ڕێکەوتی ١ی ڕەزبەردا (٢٣ی سێپتامبر) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم شارە دەستبەسەر کرا، لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی کرماشانەوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژی حکوومەت» و «سووکایەتیکردن بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران» بە گشتی سزای ساڵێک بەندکران، ساڵێک قەدەغەبوونی چوونەدەرەوە لە ئێران و ساڵێکیش بێبەشکران لە مافی کۆمەڵایەتیی بەسەردا سەپاوە. ئەم حوکمە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە زیندانی سونقوڕ بەم چالاکە مەدەنییە ڕاگەیەنراوە، ناوبراو لە قۆناغی دەستبەسەربوون و لە دادگادا مافی دیاریکردنی پارێزەری پێ نەدراوە.

مێهدی جەوانمەردی، چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی دێولان کە لە ڕێکەوتی ٤ی ڕەزبەردا (٢٥ی سێپتامبر) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم شارە دەستبەسەر کرا، لە لایەن لقی دووهەمی دادگای کەیفەریی دێولانەوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژی حکوومەت» سزای ٩ مانگ بەندکران، «تێکدانی نەزمی گشتی» ١٨ مانگ بەندکران و «پیلاندانان بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی» ٤٢ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە. بەپێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، لە کۆی سزای ٥ ساڵ و ٩ مانگ بەندکرانی ئەم چالاکە مەدەنییە، گەورەترین سزاکەی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

مێهدی جەوانمەردی زیاتر لە مەنگێک لە دەستبەسەربوونەکەی لە کەشێکی سەخت و لەژێر گوشاری توندی دەروونی و جەستەیی لە ژووری تاکەکەسیی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدا تێپەڕاندووە و ئێستە لە زیندانی ئەم شارەدایە. دادگای ناوبراو بەبێ ئامادەبوونی پارێزەر و بە شێوەی ڤیدیۆکۆنفرانس تەنها لە چەند خولەکێکدا بەڕێوە چووە.

یاسین فەتحی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی دێولان کە لە ناوەڕاستی مانگی ڕەزبەردا (ئۆکتۆبر) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم شارە دەستبەسەر کرا، لە لایەن لقی دووهەمی دادگای کەیفەریی دێولانەوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژی حکوومەت» سزای ٨ مانگ بەندکران، «تێکدانی نەزمی گشتی» ١٨ مانگ بەندکران و «پیلاندانان بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی» ٤٢ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە. بەپێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، لە کۆی سزای ٥ ساڵ و ٨ مانگ بەندکرانی ئەم چالاکە مەدەنییە، گەورەترین سزاکەی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

دادگای ناوبراویش بەبێ ئامادەبوونی پارێزەر و بە شێوەی ڤیدیۆکۆنفرانس تەنها لە چەند خولەکێکدا بەڕێوە چووە.

 سیرووس عەباسی و ئازاد عەباسی، دوو برا و چالاکی مەدەنیی خەڵکی دێولان کە لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرماناندا (٢١ی سێپتامبر) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم شارە دەستبەسەر کران، لە لایەن لقی دووهەمی دادگای کەیفەریی دێولانەوە، هەرکامە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژی حکوومەت» سزای ١٠ مانگ بەندکران، «تێکدانی نەزمی گشتی» ١٨ مانگ بەندکران و «پیلاندانان بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی» ٤٨ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە. بەپێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، لە کۆی سزای ٦ ساڵ و ٤ مانگ بەندکران بۆ هەرکام لەم دوو چالاکە مەدەنییە، گەورەترین سزاکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

هەرکام لەم دوو برا زیاتر لە مانگێک لە ژوورە تاکەکەسییەکانی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە لەژێر گوشاری قورسی دەروونی و جەستەییدا بوون و ئێستە لە زیندانی ئەم شارە ڕاگیراون. دادگای ئەمانیش هەروەک ئەو دوو حاڵەتەکەی تر بەبێ ئامادەبوونی پارێزەر و بە شێوەی ڤیدیۆکۆنفرانس تەنها لە چەند خولەکێکدا بەڕێوە چووە.

محەممەد جەواهیری، خەڵکی سەردەشت و خوێندکاری ماستەری بەشی توێژینەوەی لاوان لە زانکۆی تاران کە لە ڕێکەوتی ٣ی ڕەزبەردا (٢٤ی سێپتامبر) دوای دەرکران لە نووستنگە (بەشی ناوخۆیی)ی زانکۆ و لە کاتی گەڕانەوەدا بۆ سەردەشت لە تێرمیناڵی ڕۆژئاوای تاران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا، لە لایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر نیما ئەفشاری، بە تۆمەتی «پیلاندانان بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی» و «تێکدانی نەزمی گشتی» بە گشتی سزای ٤ ساڵ و ٧ مانگ بەندکران و لێدانی ٧٤ قامچیی بەسەردا سەپاوە.

ئەم خوێندکارە کوردە دوای ٢١ ڕۆژ دەستبەسەربوون بە شێوەی کاتی بە دانانی بارمتە ئازاد کرا و ئێستە لە دەرەوەی زیندانە.