بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لاوێکی ٢١ ساڵان بە ناوی هوومەن عەبدوڵڵاهی کە لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەمشەوی گەڕەکی حەسەنئاوای سنەدا بە تەقەی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان بریندار ببوو، بە هۆی قورسبوونی برینەکانیەوە لە نەخۆشخانەی کەوسەری سنە گیانی لەدەست داوە. تەرمی ئەم هاووڵاتییە تا ئێستە ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە و هێزە ئەمنییەکان دەوروبەری نەخۆشخانەی کەوسەریان گەمارۆ داوە.

بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی ئەمشەو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراوەتەوە، هێزەکانی سپای پاسداران هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی هاووڵاتییان لە گەڕەکی حەسەنئاوای سنە و دەسڕێژیان لە هاووڵاتییان کردووە. ئەم هێزانە چەندین هاووڵاتییان داوەتە بەر لێدان و ئینجا دەستبەسەریان کردوون و گواستوونیانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە سەرەتای سەرهەڵدانی سەرانسەریی خەڵکی ئێرانەوە لە دوای کوشتنی حکوومەتیی ژینا (مەهسا) ئەمینی، تا ئێستا لانیکەم ١١٤ هاووڵاتیی کورد لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی شار و گوندەکانی کوردستان و ناوچەکانی تری ئێراندا بە دەستی هێزە سەربازی-ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراون. ١٢ کەس لە گیانبەختکردووان منداڵ بوون.