بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، سزای دوو ساڵ بەندکران و سەرجەم سزا سەپێنراوە تەواوکەرەکانی تری نگار داوودی، خوێندکاری بەشی نەرمئامێری کۆمپیتەر لە زانکۆی ئیلام، کە پێشتر لە دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئەم شارەدا دەر کرابوو، لە لایەن لقی ٦ی دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای ئیلامەوە وەک خۆی پەسەند کراوەتەوە.

دادگای یەکەمی نگار داوودی ڕۆژی ٧ی بەفرانبار (٢٨ی دێسامبری ٢٠٢٢) لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئیلام بە سەرۆکایەتیی دادوەر ڕەجەب محەممەدی بەڕێوە چوو و ئەم هاووڵاتییە بە تۆمەتی «پیلانگێڕی بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران» سزای دوو ساڵ بەندکران، دوو ساڵ قەدەغەبوونی چوونەدەرەوە لە ئێران، ساڵێک کاری خۆڕایی بۆ ئیدارەی «بهزیستی» و ٢٠٠ کاتژمێر بەشداریکردن لە خولی فێرکاری و تەفسیری قورئانی بەسەردا سەپا.

ئەم خوێندکارە کوردە هاوکات لە دۆسیەیەکی تردا بە تۆمەتی«تێکدانی ئارامی و ئاسایشی گشتی» لە لایەن لقی ١٠٣ی دادگای کەیفەریی دووی ئیلامەوە سزای سێ مانگ بەندکران و ٧٤ قامچیی بەسەردا سەپابوو کە لەبەر ئەوەی پێشینەی تاوانی نەبوو، سزاکە گۆڕدرا بۆ ٢٤٠ میلیۆن ڕیاڵ غەرامە بۆ سندووقی دەوڵەت. ئەم حوکمەیش دوای تانەلێدانی پارێزەرەکەی ڕەوانەی بەردەم دادگای پیاچوونەوە کراوە.

موستەفا ئەحمەدیان، پارێزەری نگار داوودی، سەبارەت بە پەسەندکردنی حوکمی پارێزوانەکەی لە دادگای پیاچوونەوەدا بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «سەرەڕای ئەوەی لە داواکاریی تێهەڵچوونەوەدا بە چڕوپڕی و بە وردی کەموکورتییە فۆرمی و ناوەرۆکییەکان و پێشێلکردنی فراوانی بنەماکانی دادگاییکردنی کەیفەری دەستنیشان کرابوو، بەڵام بە داخەوە دادگای پیاچوونەوە بەبێ سەرنجدان بەو خاڵانە سزا سەپێنراوەکەی دادگای شۆڕشی وەک خۆی پەسەند کردووەتەوە».

ئەم پارێزەرە یاساییە هەروەها سەبارەت بە سزا تەواوکەر و زیادەکانی تری ناو ئەم حوکمە وتی: «سەپاندنی چەندین سزای تەواوکەر لەم دۆسیەیەدا مایەی ڕەخنەی جیدی و قووڵە. پێوسیتە لە دەرکردنی ئەم جۆرە سزایانەدا مافەکانی تۆمەتبار و هەروەها پرەنسیبی گونجاوبوون ڕەچاو بکرێت، هەم لە دۆسیەکەی دادگای شۆڕشی ئیسلامی و هەم لەوەی دادگای کەیفەریدا دوو سزای تەواوکەری قورس بۆ پارێزوانەکەم دیاری کراوە کە ئەمە لە خۆیدا بە واتای سەپاندنی سزای زیادە و چەندقاتە».

موستەفا ئەحمەدیان لە کۆتاییدا زیادی کرد: «ئەگەرچی هەر ئێستە پارێزوانەکەم دەتوانێت بەپێی ڕاگەیەندراوی لێخۆشبوون و لێبوردن و بە پێشکەشکردنی بەڵێننامەی نووسراو بکەوێتە بەر لێخۆشبوونەوە، بەڵام ناچارکردنی ئەو بە بەڵێندان پێچەوانەی فەلسەفەی لێخۆشبوون و لێبوردنە و دەبێتە هۆی پێشێلکردنی کەسایەتی و کەرامەتی مرۆڤ».

نگار داوودی لە ڕێکەوتی ٢٤ی گەڵاڕێزان (١٥ی نۆڤامبری ٢٠٢٢) و هاوکات لەگەڵ سەرهەڵدانی سەرانسەری و خۆپیشاندانە جەماوەرییەکاندا، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆیان لە ئیلام دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە. ناوبراو دوای ٧ ڕۆژ لێپرسینەوە و ئەشکەنجەدران بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ، گوازرایەوە بۆ بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ئیلام و لە ڕێکەوتی ٢٧ی سەرماوەزدا (١٨ی دێسامبری ٢٠٢٢) بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و کەفالەت بە شێوەی کاتی و تا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادگاییکردن لە زیندان ئازاد کرا.