شێرکۆ ڕەوشەنی، هاووڵاتیی خەڵکی مەریوان کە لە ڕێکەوتی ٢٠ی سەرماوەزی ١٤٠١دا (١١ی دێسامبری ٢٠٢٢) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شەقامێکی شاری مەریوان دەستبەسەر کرا، لە کۆتایی مانگی خاکەلێوەوە (ئاوریل) بۆ دووهەم جار لە زیندانی مەریوانەوە گوازراوەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە. ئەم هاووڵاتییە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستا لە مافی دیاریکردنی پارێزەر بێبەش کراوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، شێرکۆ ڕەوشەنی، هاووڵاتیی خەڵکی مەریوان، لە ڕێکەوتی ٢٠ی سەرماوەزی ١٤٠١دا (١١ی دێسامبری ٢٠٢٢) لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە. ئەم هاووڵاتییە لەم ماوەیەدا لە دەستبەسەرگەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان و سنە بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خراوەتە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕۆحییەوە.

ئەم هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوە لە ناوەڕاستی خاکەلێوەدا (سەرەتای ئاوریل) دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ڕەوانەی زیندانی مەریوان کرا و لە کاتێکدا کە بنەماڵەکەی سەرقاڵی ئازادکردنی لە ڕێگای دانانی بارمتەوە بوون، سەرلەنوێ لە ڕێکەوتی ٣٠ی خاکەلێوەدا (١٩ی ئاوریل) لە زیندانی مەریوانەوە ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە کرایەوە.

گواستنەوەی دووبارەی شێرکۆ ڕەوشەنی بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات و گوشارهێنانی لێپرسەوە ئەمنییەکان بۆ وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ، بووەتە مایەی پەرەسەندنی نیگەرانییەکان لە ئاست چارەنووسی ئەم هاووڵاتییەدا.